Heman Husseın Yaseen
04 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبەشداری بەشێک لە کارمەندانی تایبەت بە سەنتەرەکانی شێرپەنجە، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی شێرپەنجە کۆنفرانسێکی ئەنجامدا کە تیایدا جگە لە پێدانی رێنمانیی بە هاووڵاتییان، داتا و خەرجییەکانی سندوقی شێرپەنجە خرایەڕوو.
سەرۆکی بەشی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، چنار سنجاوی سەبارەت بە داتا و ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرچەندە ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە، ئەمساڵ زیاترە لە پارساڵ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بووەتە شوێنێک کە ساڵانە خەڵک لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق رووی تێدەکەن و ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەریش نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن و ژمارەیەک لەوانەش تووشی شێرپەنجە دەبن و لە هەولێر چارەسەر وەردەگرن، زۆرترین جۆری شێرپەنجەش لە هەرێمی کوردستان کە تۆمار کرابێت شێرپەنجەی مەمکە".
لەبارەی داتا و ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٩، چنار سنجاوی گوتی: " لە ساڵی ٢٠١٩دا، شەش هەزار و ٩٣٤ کەسی تووشبوو بە شێرپەنجە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٥١٣ کەس تووشبووی جۆری شێرپەنجە مەمک بووە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨دا، نزیکەی هەزار کەس زیادی کردووە، ئەو رێژەیەی کە زیادیکردووە، سەدا ٣٠ی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاتوون و لێرە نیشتەجێن و لێرە چارەسەر وەردەگرن".
سەرۆکی بەشی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی، چنار سنجاوی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بۆ جگەرەکێشان و وەرزش نەکردن گەڕاندەوە و گوتی: "تووشبوون بە شێرپەنجە چەند هۆکارێکی هەیە، بەڵام باوترینیان جگەرەکێشان، قەڵەوی و وەرزش نەکردنە، لەگەڵ ئەوەشدا نێرگەلەکێشان کە لەئێستادا بووەتە دیاردەیەکی باو و هەمان کاریگەریی جگەرەکێشان و زیاتریشی هەیە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بۆیە داوا دەکەین سنوورێک بۆ کێشانی نێرگەلە لە کافتریاکان دابندرێت".
چنار سنجاوی گوتیشی: "شێرپەنجە واتای مردن نییە، بەڵکو ترسان لە شێرپەنجە وا دەکات نەخۆشەکە بمرێت، ئەگەر هاتوو هەر کەسێک تووشی شێرپەنجەبوو ئەوا پێویستە رووبەڕووی بێتەوە، بە گشتیش لە نەخۆشخانەکان کەمیی دەرمانمان نەبووە، هەندێک لە دەرمانەکان کە کەم دەکات ئەوا سندوقی شێرپەنجە دابینی دەکات".
لە کۆنفڕانسەکەدا، ئەندامی سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە، دکتۆر باساک بەرزنجی تیشکی خستە سەر خزمەتگوزارییەکان لە سندوقی شێرپەنجە و گوتی: "ساڵی ٢٠١٩ ئەو خەرجییانەی سندوقی شێرپەنجە کردوویەتی بۆ چارەسەر و خزمەتگوزاری، بە بەهای ٢٥ ملیار و ١٨٧ ملیۆن دینار دەرمانی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دابینکردووە، بە بەهای ملیار و ١١٣ ملیۆن دینار چارەسەریی بۆ نەخۆش کردووە و رەوانەی دەرەوەی وڵاتی کردوون، بە بەهای ٣ ملیار و ١٧٣ ملیۆن دینار قەرەبووی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەی کردووە کە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، بە بەهای ٢ ملیار و ٨٩٧ ملیۆن دینار ئامێری پزیشکی دابینکردووە بۆ سەنتەر و نەخۆشخانەکان لە هەرێمی کوردستان، بە بەهای ملیارێک و ٥٤١ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی باڵەخانە و پەرەپێدانی سەنتەرەکانی شێرپەنجە خەرجکراوە، ٤٧ ملیۆن دینار بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بووە، ١٥٠ ملیۆن دینار بۆ تاقیگە و کەلوپەلی تاقیگەی سەنتەرەکانی شێرپەنجە بووە".
باساک بەرزنجی گوتیشی: "کۆی گشتی ٤٠ ملیار و ١١٢ ملیۆن و ٥٦٧ هەزار دیناری لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە خەرجکردووە کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٣٩ ملیۆن دۆلار، بەراستی پارەیەکی زۆرە بەڵام نەمانتوانیووە هەموو پێداویستی و دەرمانەکان دابین بکەین، ئەگەر بمانەوێت بە ستانداردی جیهانی بڕۆین ساڵانە بە ملیار دۆلار زیاترمان پێویستە کە ئەمە لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نیە و ئەوەی هەیە توانیوومانە تا ئاستێک خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکەین".