Heman Hussein Yaseen
19 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان لە کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، بەردی بناغەی بنکەی بووژاندنەوەی جەستەیی دانرا و بڕیارە لە میانی بیست مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت.
لە رێورەسمەکەدا، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، رۆبێرتوس دڕۆوین تیشکی خستەسەر کارەکانی بنکەکە و گوتی: "ئەم بنکەیە چەند خزمەتگوزارییەکی پێویست و ناوازە بۆ ئەو کەسانە پێشكەش دەکات کە کێشەی جەستەیی و فیزیکیان هەیە، هەروەها ئەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن کە پێویستییان بە ئامرازەکانی جووڵە هەیە، بووژانەوە یان هەر شێوازێکی دیکەی پشتگیری کە یارمەتییان بدات لە ژیانی رۆژانەیان دا".
رۆبێرتوس دڕۆوین گوتیشی: "بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی عێراق پێویستییان بە خزمەتگوزاری جەستەیی هەیە، تەنها لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٥ هەزار کەس لە رووی جەستەییەوە خاوەن پێداویستی تایبەتن و پێویستییان بە چاودێری گونجاو هەیە وکە لەو ژمارەیەش ١٠ هەزار کەسیان لە هەولێرن، بەم بنکەیە نوێیە دەتوانین بەشێوازێکی نوێ پێشەنگ بین لە پێشوازیکردنی نەخۆش و خزمەتگوازرییەکانەوە بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی ئیفلیجیبوونی مێشکیان هەیە".
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "ئەم پڕۆژەیە گرنگ و ستراتیجییە لە رووی تەندروستییەوە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندامان بە مەبەستی راهێنانەوە و شیاندنەوەی جەستەیی بە تایبەتی بۆ ئەو چین و توێژانەی لەساڵانی رابردوودا تووشی کەمئەندامی بوون بەتایبەت ئەو پێشمەرگانەی لەمیانی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ تیرۆریستان تووشی ئیفلیجی و کەمئەندامی بوون و دەتوانن لێرە سوود لە خزمەتگوزارییەکان ببینین و کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لەماوەی رابردووشدا خزمەتێکی گەورەی ئەم بوارەیان کردووە و کاری چاکیان کردووە لە رووی راهێنان و دابینکردنی ئەمبوڵانس و دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان و ئاوارە و پەنابەران کە پێویستیان بە تیمی گەڕۆک هەیە".
پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی دەستخۆشی لە کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سووری کرد و جەختی لەوەیشکردەوە کە دەبێت هەموولایەک خزمەتگوزارییەکان بۆ کەمئەندامان دابین بکەن و گوتی: "بەهۆی ئەو جەنگەی لەماوەی رابردوودا رووبەڕوومان بووەتەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵک تووشی کەمئەندامیی بوون و پێویستییان بەم جۆرە سەنتەرانە هەیە و زۆر پێویستمان بەو کارە هەیە کە ئێوە کردتان، هیوادارم بەردەوام بن لە دابینکردنی پێداویستییەکان و تەجهیزکردنی باڵەخانەکە تاوەکو بتوانین باشترین خزمەتگوازری پێشکەش بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکەین کە ئەوانیش پێویستیان بە ئێمە هەیە".
خزمەتگوزارییەکانی بووژانەوەی جەستەیی بریتیین لە پەلی دەستکرد، کورسی چەرخدار و ئامرازەکانی جووڵە، خزمەتگوزاری پێی چەماوە کە شێوازێکی پۆنسێتی تێدا بەکاردێت لەگەڵ پشتگیریکردنی بنکەکانی دیکەی پێی چەماوە و خولی راهێنان بۆ ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکانییان ئیفلیجن و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە لە پێناو باشترکردنی دۆخی کەمئەندامان.
بنکەی بووژاندنەوەی جەستەیی دەکەوێتە خۆرئاوای شاری هەولێر و باڵەخانەی بنکەکە لەسەر رووبەری ١٤ هەزار و ٦٣٠ مەتر دووجا بونیاد دەنرێت بە گوژمەی پێنج ملیۆن و ٢١٨ هەزار و ٦٥٢ دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ تەواو بکرێت.