Cemal Sargati
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2017
سلێمانى - AA
دوای ١٥ رۆژ لە فرۆشتنی کتێب بەشێوەی گەڕۆک لەلایەن گرووپێکى کچانەوە کە کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە سلێمانی سەرپەرشتى ئەو گرووپەى دەکرد، داھاتى فرۆشتنى کتێبەکانى پێشکەشی نەخۆشخانەی ھیوا بۆ چارەسەری تووشبوانی نەخۆشى شێرپەنجە کرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا خاوەنی بیرۆکەی فرۆشتنی کتێب بەشێوەی گەڕۆک، بینایی ئەحمەد رایگەیاند، "وەک خۆم کەسێکى خاوەن پێدوایستى تایبەتم ئامانجم بوو بەم رێگەیەوە خزمەتێک بکەم. لە رۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دەستمان بەپڕۆژەى فرۆشتنى کتێب بەشێوەى گەرۆک کرد و بۆ ماوەی ١٥ رۆژیش بەشێوەی گەڕۆک بەردەوامبووین و کتێبمان دەفرۆشت".
گوتیشی: "داھاتی ئەو پڕۆژەیەش بۆ نەخۆشخانەی ھیوا بوو، توانرا بڕی سێ میلۆن و ٥٤٥ ھەزار دینار کۆبکرێتەوە، پڕۆژەکە لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە پشتیوانی لێکرا کە رۆژانە لەکاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆوە تا پێنجی ئێوارە بەردەوامبوو".
لاى خۆشیەوە لێپرسراوى بەشى پەیوەندیەکانى نەخۆشخانەى هیوا، سیامەند خەلیل لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند "بیرۆکەى ئەم کچە خاوەن پێدوایستیە تایبەتە بیرۆکەیەکى جوانە کە کتێب بەشێوەى گەرۆک بفرۆشن و پاشانیش داهاتەکەى بۆ نەخۆشانى نەخۆشخانەى هیوا بێت بەڕاستى کارێکى جوانەو ئێمە دەست خۆشى لێدەکەین".
گوتیشی: "نەخۆشخانەى هیوا تەنها لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەڕێوە نەچووە بەڵکو خەڵکى هەرێمى کوردستانیش پشتیوانیان لەم نەخۆشخانەیە کردووە و هاوکاریان بۆ نەخۆشانى ئەم نەخۆشخانەیە کۆکردوەتەوە".
ئەو راشیگەیاند "ئەم جۆرە کارانە پشتیوانیەکى گەورەیە بۆ سندوقى کۆمەکى نەخۆشخانەى هیوا تاڕادەیەک کەلێنەکانى ئەم نەخۆشخانەیە پردەکاتەوە".
گرووپى فرۆشتنى کتێب لەشارى سلێمانى لە چەند کچێک پێکهاتووە بەشێوەى گەڕۆک کتێبەکانیان دەفرۆشن مەبەستیانە لەم رێگەیەوە خزمەتی هەرێمى کوردستان بکەن، داواش دەکەن کە لەلایەن کەسانى سەرمادار هاوکارى بکرێن بۆ ئەوەى بتوانن زیاتر خزمەتى هەرێمى کوردستان بکەن".