سلێمانى
بەرپرسانى پەروەردە و تەندروستى لە سلێمانى کۆبوونەوە بۆ ئەوەى پلانێک دابنێن کە هاوتا بێت لەگەڵ پەیڕەونامەى خۆراکى ئەمریکى DGAS و پێشنیارى گرووپى بێلایەنى پسپۆرانى تەندروستى IOM کە بەبڕواى ئەوان خواردن کاریگەریى دیاریکراویى هەیە لەسەر هەڵسوکەوت و ئارەزوو و تەندروستى و گەشە و تواناى بیرکردنەوە و تێگەیشتنى خوێندکار.
بەو مەبەستە بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى سلێمانى و بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى لەگەڵ پسپۆڕانى بوارى خواردن و گەشە کۆبونەوە بەمەبەستى دانانى پلانێکى گونجاو تا لەمەو دوا لە فرۆشگەى خوێندنگاکاندا بەرنامەیەکى گونجاو پەیڕەو بکرێت لە دانی خۆراک بە منداڵان تا سوودى بۆ تواناى بیرکردنەوە و گەشە و زیرەکیان هەبێت و لە داهاتوودا تاکێکى تەندروست و بەتوانا و لێهاتووى لێ بەرهەم بێت.
بەپێى پلانە نوێکە کە لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەرى رێککەوتن بۆ لەمەودوا فرۆشگەى خوێندنگاکان بەهەموو جۆرێک دەبێت دوور بکەونەوە لە خۆراکە چەور و شیرینەکان کە زیان بە تەندروستى دەگەیەنن و بۆ لەمەو دوا بەپێى خشتەیەک دەبێت رۆژانە خواردنى یەک لەسەر سێى پێویستى رۆژێک بۆ خوێندکاران دابین بکەن بەجۆرێک ئەو خۆراکانە بریتى بن لە سەوزە و میوە و شیر و گوێز و بادام و هێلکە و گۆشتى ماسى و خورما و پەتاتە و گۆشتى کوڵاو و ئەو خۆراکانەش دەبێت بەجۆرێک بن کە بەپێى بەرنامە و خشتەیەک دابەش بکرێن بەسەر رۆژەکانى هەفتەدا تا هەر رۆژە و خواردنەکەى جۆرێک بێت و ڤیتامینەکانی پێویستی پێ بگات.
پاش کۆبوونەوەکەش هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى سلێمانى و بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى بۆ رۆژنامەنووسان دوان و سەرەتاش بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى د.میران محمد گوتى: "بڕیارمان دا پێداچوونەوەیەک بە خشتەى خواردنى فرۆشگەى خوێندنگاکاندا بکەین، گرنگە بۆ لەمەو داو منداڵەکانمان لەسەر خواردنى تەندروست پەروەردە بکەین خواردنێک بێت کە هەموو جۆرە ڤیتامینەکان و پڕۆتینەکانى تێدا بێت بۆئەوەى لە رووى بیرکردنەوەوە باشتر بن و لە ئایندەدا مرۆڤێکى تەندروست و باش پەروەردە بکەین، راستە ئێستا منداڵن و هەرچى بخۆن هەست بە سوود و خراپیەکەى ناکەن بەڵام لە ئایندەدا لە کاتى گەورەبووندا کاریگەریى دەبێت و زانستى تازە دەرىخستوە نەخۆشییەکانى شەکرە و زۆربەى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە پەیوەندییان بەخواردنى ناتەندروستەوە هەیە بەتایبەت لە منداڵیدا.
بۆیە لەم کۆبونەوەیەدا باسمان لەوەکرد چی بکەین بۆ ئەوەى منداڵەکانمان تەندروست بن، بڕیارمان دا لە هەفتەى ئایندەوە دەبێت فرۆشگەى هەموو خوێندنگەکان بەپێى ئەو خشتەیەى ئێمە دیاریمان کردووە خواردن ئامادە بکەن و تەنها ئەو خواردنانە لە فرۆشگەکاندا هەبێت بۆ جێبەجێ کردنى ئەمەش بڕیارمان داوە واز لە سزای دارایى سەرپێچیکار بهێنین و ئەوەى سەرپێچى بکات فرۆشگەکەى دادەخەین".
ناوبراو داواشى کرد لە دایک و باوکى منداڵان هاوکاریان بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە کە لە ئایندەدا بەسوودى نەوەکان دەشکێتەوە.
دواتر بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى نەجمەدین عەلى گوتى: "ئەو رێنماییانەى لەسەرى رێککەوتووین بڵاوى دەکەینەوە بەسەر هەموو خوێندنگەکاندا و لە رێى توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان و سەرپەرشتیارانى کارگێڕى و بەڕێوەبەرى خوێندنگەکان سەرپەرشتى جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە دەکەین بەمەبەستى باشتر کردنى جۆرى خواردنەکانى کە بە منداڵان دەدرێت لە پێناو سوودگەیاندنى زیاتر بە نەوەکانمان تا لە داهاتوودا نەوەیەکى تەندروستى هۆشیاریان لێ بەرهەم بێت".