Muhammet Kurşun
12 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2021
تاران- AA
لە ئێران، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ١١٤ هەزار و ٣١١ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا دوایین ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی خستووەتەڕوو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٠ هەزار و ٢١٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراون، هەروەها ٤٨٧ تووشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیان لەدەستداوە.
بەو شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، ١١٤ هەزار و ٣١١ کەس و ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانیش گەیشتوونەتە، پێنج ملیۆن و ٢٩٥ هەزار و ٧٨٦ کەس.
لە ئێران کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٨٣ ملیۆن کەسە، ٢٢ ملیۆن و ٩٤٣ هەزار و ١٤١ کەس دۆزی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە و ١٢ ملیۆن و ١٠٤ هەزار و دوو کەسیش دۆزی دووەمیان وەرگرتووە.
بەم شێوەیە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا، ٣٥ ملیۆن و ٤٧ هەزار و ١٤٣ دۆزی ڤاکسین بەکارهێندراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی دادگای تاران، ئەحمەد زەڕگەر بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەست دا.