Dilşad Seyfeddin Ahmed
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
سلێمانی
ئەو خزمەتگوزارییە لەگەڵ كۆمپانیای بواری پەیوەندییەكان ئاسیاسێڵ ئەنجام دراوە و بوار دەرەخسێنێت بۆ بەشداربووانی تۆڕی ئاسیاسێڵ كە جووڵەیی كردەیی دارایی لە رێگەی مۆبایلەكانیانەوە ئەنجام بدەن، خزمەتگەوزارییەكەش بەرێگەی هاندی مۆبایلەوە ئەنجام دەدرێت و بەو هۆیەوە دەتوانن پارەی كاش بخەنە نێو جزدانێكی ئەلیكترۆنییەوە و بۆ هەموو كردە داراییەكانی خۆیان لە شێوەی پارەی ئەلیكترۆنی بەكاری بهێنن.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاسیا حەواڵە، زرنگ فاروق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەو بڕوایەداین بەشداربووانمان لەسەرانسەری عێراقدا ئەو خزمەتگوزارییە بەرز دەنرخێنن، بەهۆی ئەوەی ئاسان و خێرا و پێشكەوتووە و كردە داراییەكانیان دەخاتە قۆناغێكی ترەوە".
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە ئاماژەی بەوەش كرد، بەشداربووانی ئەو خزمەتگەوزارییە دەتوانن پارەی كڕینی كەلوپەل و پارەی پسوولە لە مۆبایلەكانیانەوە بدەن و پارە حەواڵە بكەن و وەربگرن، هەروەها دەتوانن هەر كات بیانەوێ پارەی كاش لە جزدانەكانیان دەربهێنن بەسەردانیكردنی هەر بنكەیەكی فرۆشتنی كۆمپانیاكەوە.
سوودمەندبووانی ئەو پڕۆژەیە چەند مەرجێكی هەیە، لەوانەش پێویستە بەكارهێنەری سیمكارتی ئاسیا سێڵ بێت، هەروەها بلیتی ئاسیا حەواڵە بكڕیت و پەیوەندی بە #212* بكەیت، ئینجا رێنماییەكان جێبەجێ بكەیت.