Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی خوێندنی كۆتایی ئەمساڵی خوێندكارانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی دڵشاد عومەر دوای بەسەركردنەوەی هۆڵێكی تاقیكردنەوەكان لە شاری سلێمانی ، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بە سوپاسەوە بۆ مامۆستایان و پەروەردەكاران گەیشتینە كۆتایی ساڵی خوێندن ، دوێنی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی قۆناغی 9ی بنەڕەتی دەستی پێكرد كە لە سنوری پارێزگای سلێمانی 33 هەزار خوێندكارمان هەبوو لە 675 هۆڵی تاقیكردنەوەدا، ئەمڕۆش قۆناغی 12 كان دەستی پێكردووە كە 620 هۆڵمان هەیە و 36 هەزار قوتابی و خوێندكار بەشدارن لە تاقیكردنەوەكاندا".
ئەو گوتی :" لە روی ئامادەكارییەكانەوە ئەمساڵ لە ساڵانی رابردوو باشتر بووە و هەماهەنگی باشترمان هەبووە لەگەڵ فەرمانگەكانی كارەبا و هێزە ئەمنییەكان ، هەروەها زۆرترین پێداویستی تاقیكردنەوەكانمان ئامادە كردووە بۆ بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكان بەشێوەیەكی باشتر".
لە بارەی كاریگەری دواكەوتنی دەستپێكردنی پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەسەر پڕۆسەی خوێندن و تەواوكردنی پڕۆگرامەكان بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانەوە ، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەوەڵامدا گوتی: "بۆ پۆلە ناكۆتاكان مامۆستا خۆی بڕیار دەدات كە پڕۆگرامەكان كەم دەكاتەوە یان زیاتری دەكات و چی گرنگە كراوە و سەركەوتوو بووە، قۆناغی نۆیەكان ئێمە لەسەر ئاستی پارێزگا پرسیارمان داناوە و رەچاوی ئەو دۆخەمان كردووە، قۆناغی 12ە پرسیارەكان جێگیرە و بۆ پشتیوانی خوێندكارەكان خوێندگەی ئەلیكترۆنیمان كردووەتەوە و خولی بەهێزكردنیان بینیوە".
تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی حەوت تاقیكردنەوەیە و هەفتانە دوو تاقیكردنەوە بەڕێوە دەچێت، لە رۆژی تاقیكردنەوەكانیشدا بۆ رێگری لە هەر گزی و هەوڵێكی خوێندكاران بۆ دزەپێكردنی پرسیارەكان بۆ ماوەی سێ سەعات هێڵەكانی ئینتەرنێت رادەگیرێن.