مەدرید
هەواڵێكی خۆش لەبارەی دۆسیەی دادگایی کردنی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە نیمارەوە كە لە لا لیگای ئیسپانیدا بە "رووداوەكەی نیمار" ناسراوە، بڵاکرایەوە.
لە روونكردنەوەیەكی نووسراوی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بۆ تۆپی پێ هاتووە، "دادوەری دادگای نیشتمانی پابلۆ رووز ناڕەزاییەكەی لە كردنەوەی دۆسیەی لێپێچینەوە پەسەندكردووە و بڕیاری راگرتنی لێكۆڵینەوەكانی داوە".
دوای ئەو بڕیارەی دادگا، سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە جۆزێف ماریا بارتۆمیۆ و سەرۆكی پێشووی یانەكە ساندرۆ رۆسێڵ سیفەتی گومانلێكراویان لە دۆسیەكەدا لەسەر لادرا.
چاوەڕوان دەكرێت لە قۆناغی داهاتووی دۆسیەكەدا، دادگا سەرلەنوێ داوای هەموو تۆمەتباركردن و بەرگرییەكان بكات بەشێوەی نووسراو. میدیاكانی ئیسپانیا رایدەگەینن، دوای ئەم بڕیارە ئەگەر زۆرە كە دۆسیەكە دابخرێت.