دۆحە – AA
نیوەی یەکەمی یاریی کۆتایی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ی قەتەر بە پێشكهوتنی هەڵبژاردەی ئەرجهنتین بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢، لە نێوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە یاریگای لوسێل کاتژمێر ١٨:٠٠ دەستیپێکرد.
هەڵبژاردەی ئەرجهنتین هەر لە سەرەتای یارییەکەوە باڵادەستی خۆی نیشاندا، ناوەندی یاریگای کۆنتڕۆڵکرد و لە رێگەی میسی و دی ماریاوه لە باڵەکانەوە هێرشەکانی چڕ كردهوه.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی فەڕەنسا، یاریی ناوەندی یارییەکەی لە دەستدابوو و نەیتوانی بەڕێکی هێرش بۆ سەر گۆڵی ئەرجهنتین درووستبکات.
بەرهەمی فشار و هێرشەکانی ئەرجهنتین لە خولەکی ٢٢ هاتەدەست، کاتێک دیماریا لێدانێكی سزای بەدەستهێنا و میسی بە ئاسانی گۆڵی یەکەمی ئەرجهنتین و شەشەمی خۆی لە مۆندیالی ٢٠٢٢ تۆمار کرد.
هەڵبژاردەی ئەرجهنتین، بەردەوام بوو لە هێرشەکان و دوای ئەو گۆڵە ویستی یاریزانان بۆ زیادکردنی گۆڵ بەرزتر بوویەوە. ئەوە بوو لە خولەکی ٣٦دا ئەنخێل دی ماریا گۆڵی دووهمی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی بۆ دوو گۆڵ بەرز کردەوە.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا، لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا جگە لە گۆڕینی دوو یاریزان هیچ هەوڵێکی بەرچاوی بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە نەدا و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.