Hülya Ömür Uylaş
26 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
شەمەندەفەری خێرای ئەنقەرە-سێواس لە ئەنقەرەی پایتەختەوە دەستی بە یەکەم گەشتی کرد.
جێگری سەرکۆمار، فوئاد ئۆکتای و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسان بەشدارییان لە یەکەم گەشتی شەمەندەفەری خێرای ئەنقەرە-سێواس کرد کە ئەمڕۆ ئەنجام درا.
شەمەندەفەرەکە لە ئەنقەرەی پایتەختەوە دەستی بە گەشت کرد و لە وێستگەکانی کرکلارەلی و یۆزگات دەوەستێت.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عادل کارائیسماعیلئۆغڵو لە روونکردنەوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سەبارەت بە گەشتەکە رایگەیاند: ''بە شەمەندەفەری خێرای بەڕێکەوتین و لە کریلارەلی، یۆزگات و سێواس لەگەڵ گەلەکەماندا کۆدەبینەوە''.
هێڵەکە کە ٤٠٥ کیلۆمەتر درێژە، هەشت وێستگەی هەیە کە دەکەونە ئەلماداغی، کرکلارەلی، یەرکۆی، یۆزگات، سۆرگون، ئاکداغمادەنی، یڵدزئەلی و سێواس.

بەهۆی ئەو هێڵە خێرایەوە، مەودای نێوان ئەنقەرە-سێواس لە ٦٠٣ کیلۆمەترەوە کەمبووەتەوە بۆ ٤٠٣ کیلۆمەتر، ماوەی گەشتی نێوان کە ١٢ کاتژمێرە کەمبووەتە بۆ دوو کاتژمێر و بەشی ئەنقەرە-یۆزگات کەمبووەتەوە بۆ یەک کاتژمێر.
لە هێڵەکەدا، ٤٩ تونێل هەیە بە درێژایی ٦٦ کیلۆمەتر و ٤٩ پردیش هەیە بە درێژیی ٢٧ کیلۆمەتر.
درێژترین تونێلی پرۆژەکە پێنج هەزار و ١٢٥ مەترە کە دەکەوێتە ناوچەی ئاکداغمادەنی و درێژترین پردی رێگا ئاسنینەکەش دوو هەزار و ٢٢٠ مەترە کە دەکەوێتە سەر رێگای چەریکلی-کرکلارەلی.