Mustafa Güngör
01 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2023
ئیزمیر - AA
یەکەم ئۆتۆمبێلی باڵداری تورکیا بە ناوی AirCar لە فێستیڤاڵی TEKNOFEST لە ئیزمیر نمایش کرا.
لە فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیای تورکیا ناسراو بە TEKNOFEST کە لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیا و دامەزراوەی تیمی تەکنەلۆجیای تورکیا ڕێکخراوە، کۆمپانیا و دەزگا جیاجیاکان بەرهەمەکانی خۆیان نمایش دەکەن و یەکەم ئۆتۆمبێلی باڵداری تورکیا بە ناوی AirCar خرایە بەر دیدی سەردانیکەران.
سەردانیکەرانی فێستیڤالەکە، لە نزیک شوێنی ئۆتۆمبێلە باڵدارەکەی تورکیادا وەستان و وێنەیان لەگەڵ دەگرت و سەیریان دەکرد.
ئەندازیاری کۆمپانیاکەی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلە باڵدارەکەی تورکیا محەمەد توران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە ئەو ئۆتۆمبێلەی کە دروستیان کردووە و توانای فڕینی هەیە، کێشی ٤٥٠ کیلۆگرامە.
توران جەختیشی لەوە کردەوە کە لە پلانیاندا هەیە کە پەرە بە بەرهەمهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە بدەن و گوتی: "ئەم ئۆتۆمبێلە خێراییەکی ١٢٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا. مەبەستمان کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغیەیە کە لەسەر شەقامەکان هەیە. خەڵک بە سێ کاتژمێر گەیشتووەتە ئێرە و ئێمە دەمانەوێت بە حەوت خولەک بگات".
ڕاشیگەیاند کە لە سێ ساڵ لەمەوپێشەوە ئیش لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلە دەکەن و گوتی: "ئەگەری هەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە تورکیا مۆڵەت بەو ئۆتۆمبێلانە بدرێت کە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بفڕن. ئەوە ڕێڕەوێک دەبێت. ئێمە بیرمان لەوە کردەوە کە سەرەتا لە ناوچەی مالتەپە بۆ دوورگەکان (لە ئیستانبوڵ) بێت. ئەگەر هەموو شتێک بە درووستی بچێتە پێشەوە ئەوە مۆڵەتەکە دەدرێت. وەک تاقیکردنەوە فڕین ئەنجام دەدەین. تا ئەمڕۆ نزیک بە ١٠٠ تاقیکردنەوەمان ئەنجام داوە و نزیک بە ١٥ خولەک لە بەرزایی ٣٠ بۆ ٤٠ مەتر ئاسمان ماوینەتەوە".