Abdullah Shukur,Mazın Asad
27 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2017
ریاز - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتی: "سعوودیە و تورکیا دوو وڵاتی سەرەکین کە رۆڵیان ھەیە لە سەقامگیریی و ئاشتی ھەمیشەیی ناوچەکە. بۆیە کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات ھەم بۆ ئاشتی تورکیا و ھەمیش بۆ سعوودیە و ناوچەکە و جیھان پێویستییە".
یڵدرم لە میوانخانەی شانشینی سعوودیە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند کە سەردانەکەی کورت و ئەرێنی بووە.
یڵدرم رایگەیاند کە لەلایەن شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز پێشوازی لێکراوە و پاشانیش لەگەڵ شازادەی جێنیشین و وەزیری بەرگری سعوودیە، محەمەد بن سەلمان کۆبووەتەوە. راشیگەیاند کە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نێوان شاندەکانی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان ئەنجامداوە.
یڵدرم جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی عێراق، سووریا، فەڵەستین، پرسی ئیسرائیل، یەمەن و پێشھاتەکانی لیبیا تاوتوێکراوە. ئەوەشی خستەڕوو کە باسیان لە رێگەی چارەسەریی ئەو قەیرانانە کردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "بە تێروتەسەل تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دەرفەتی کاری ھاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا کرد. بە تایبەتی گفتوگۆمان لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە ھاوبەشەکان لە بواری پیشەسازی بەرگری کرد. دەتوانم بڵێم، لەسەدا ٩٠ی تێڕوانینەکانمان لەسەر بابەتەکان، تێڕوانینی ھاوبەش بوون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەکان. بێگومان سەدا سەد جێگەی باس نییە و ئەوەی دەمێنێتەوەش ناکۆکییەکان نییە، بەڵکو لەسەر چارەسەری بابەتەکان لە خاڵی چارەسەر بۆچوونەکانمان جیاوازن. ئەمانەشمان لە کەشێکی راستگۆ ھەڵسەنگاند. سعوودیە و تورکیا لە وادەیەکی دووردرێژ بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە وەک کلیلی چارەسەر وان. بۆیە کارکردنی ھەردوو وڵات لەسەر گشت بابەتەکان، نەک تەنھا لە رووی تورکیا و لە رووی سعوودیە، بەڵکو لە رووی ئاشتی ناوچەکە و جیھانی شتێکی پێویستە".
-"لە ماوەیەکی نزیکدا شازدەی جێنشینی سعوودیە سەردانی تورکیا دەکات"
بینالی یڵدرم گوتیشی: "ئینشاڵڵا ئەم سەردانەمان ئەنجامی بە سوودی لێدەکەوێتەوە. لە ماوەیەکی نزیکدا شازدەی جێنشینی سعوودیە سەردانی تورکیا دەکات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند سەردانە ھاوبەرامبەرەکانی بەردەوام دەبێت و پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات زیاتر پەرە دەسێنێت.
لەکاتی لێدوانی یڵدرم بۆ رۆژنامەنووسان، ھەریەک جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ھاکان چاوشئۆغڵو و وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی ژولیدە ساریئۆغڵو و وەزیری تەندروستی ئەحمەد دەمیرجان و جێگری سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و گوتەبێژی پارتەکە، ماھیر ئوناڵ ئامادە بوون.