Mazın Asad
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە
یڵدرم بەناوی حكوومەتی توركیا گوتەیەكی لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان لەبارەی بوودجەی ساڵی ٢٠١٧ پێشكەش كرد.
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوە دا كە لەگەڵ پاككردنەوەی مووسڵ و تەلەعفەر لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، پێویستە رێگری بكرێت لە چالاكییەكانی كۆكوژی ئەتنیكی لە لایەن میلیشیا شیعەكان و گۆڕانكاری دیمۆگرافی شارەكە و گوتیشی: "ئەم بابەتە ھێڵی سوورمانە. پێویستە مووسڵ بۆ مووسڵییەكان بێت و ھەرگیز نابێت پێكھاتەی تەلەعفەر گۆڕانكاری بەسەردا بێت".
یڵدرم گوتیشی: "ئێمە وەك توركیا ھیچ كێشەیەكمان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی سووریا نییە. سووریا دەبێت بۆ سوورییەكان بێت. مانەوەی رژێمێك كە دەستی چووەتە خوێنی زیاتر لە نیو ملیۆن كەس لە سووریا ئەستەمە. گەورەترین ئامانجی ئێمە، پێكھاتنی دەسەڵاتێكی نوێیە لە سووریا كە نوێنەرایەتی گشت پێكھاتەكان بكات، بە جۆرێك كە ناسەقامگیری جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە".
یڵدرم روونیشیكردەوە كە گواستنەوەی كاروانی خەڵكی سڤیل لە حەلەبەوە بۆ ئیدلب دەستیپێكردووە و گوتیشی: "تاوەكو ئێستا حەوت ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی سڤیل لە ناو ئاگر و دۆزەخی حەلەب گیانیان رزگار كراوە و بەرەو ئەو شوێنانەی لە ئیدلب ئامادە كراوە، دەگوازرێنەوە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا لە درێژەدا گوتیشی: "ئەوە دەیڵێین زۆر ئاسانە بەكارھێنانی رێكخراوێكی تیرۆریستی بۆ لەناوبردنی رێكخراوێكی دیكەی تیرۆریستی، گەورەترین ھەڵەیە. باشە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە داعش لەناودەبات، بۆ لەناوبردنی كامیان بەكاری دەھێنن؟ بۆ لەناوبردنی ئەلقاعیدە، تاڵیبان-تان بەكارھێنا، ئێستاش تاڵیبان بووەتە بەڵا بۆتان، باشە چۆن ئەوە لەناو دەبەن؟ بۆیە لەسەرەتای رێگەكەوە، ئینشائەڵڵا ئیدارەی نوێی ئەمریكا لەم ھەڵەیە پاشگەز دەبێتەوە. پێمانوایە ئەمریكا گوێ بە ھۆشدارییەكانی توركیا دەدات كە توركیا ساڵانێكە دۆست و ھاوپەیمانییەتی ".
یڵدرم لە بەشێكی قسەكاندا ھەروەھا گوتی: "ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات بە ھیچ شێوەیەك ئۆپەراسیۆنی داگیركردن یان فراوانكردنی خاك نییە. ئامانجی قەڵغانی فورات، پاككردنەوەی ناوچەكەیە لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش. لە لایەكی دیكەشەوە لە ناوبردنی ئەو ھەڕەشانەیە كە لە سنووری باشووری وڵاتەكەمان ئاراستەمان كراوە. ھەروەھا ئامانجیشی دەستەبەركردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتیشی: "بە ھەوڵەكانی ئافاد و مانگی سووری توركیا لە یەكەم ھەنگاودا ئامادەكاریی بۆ ٨٠ ھەزار پەنابەر دەستیپێكردووە. لە قۆناغی یەكەمدا پێداویستی وەك خێوەتگە، خزمەتگوزاری تەندروستی و نیشتەجێبوون بۆ ١٠ ھەزار كەس دابین دەكرێت".
لەبارەی وەڵامی پرسیاری نوێنەرێكی جەھەپە كە گوتبووی "چ گۆڕانكارییەك دەبێت و كێ لە پشت دەستوورەكەوە دەبێت؟" یڵدرم گوتی: "لێرەوە بەڕاشكاوانە دەیڵێم كە لە پشت دەستوورەوە واژووی ٣١٦ پەرلەمانتاری ئاك پارتی ھەیە. لە پشت ئەم دەستوورەوە مەھەپە ھەیە كە لە سەرووی سیاسەت ھەڵوێستی چارەسەری كێشەكانی وڵات نیشانداوە. لە پشت ئەم دەستوورەوە ئەگەر پەرلەمان مۆڵەتی پێ بدات، ئەوا لە پشتی ٧٩ ملیۆن رۆڵهی ئەم نیشتمانە ھەیە. بێگومان تا كۆتایی دەرگامان بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی كراوەیە و چاوەڕێیان دەكەین".