Ramal Mahmood
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی سەڵاحەددینی ئەیوبی لە شارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەربە پارێزگای هەکاری، بووە هۆی دڵخۆشکردنی خەڵکی ناوچەکە. کە بەهۆی هێرشەکانی پەکەکە بۆ ماوەی ١٣ مانگی گەشتەکانی راگیرابوون.
دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە لە ١٣ی ئاداری رابردوو بە قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەستی پێکرد و تاکو ٣٠ی نیسانی رابردووی خایاند. هەنگاونانی پێویست بەمەبەستی بوژانەوەی ئابووری یوکسەکۆڤا هاووڵاتییانی دڵخۆش کردووە.
دوای ئەوەی زیاتر لەساڵێک بەهۆی هێرشەکانی پەکەکەوە گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی سەڵاحەددینی ئەیوبی راگیرابوو، دوێنێ بۆ جارێکی دیکەی بە گەشتی ئاسمانی ئیستانبوڵ-یوکسەکۆڤا دەستی بە گەشتەکانی کردەوە.
فڕۆکەخانەکە رۆڵێکی گەورە و گرنگی هەیە لە بوژانەوەی ئابووری و وەبەرهینانی ناوچەکە، لە یەکەم رۆژی دەستپیکردنەوەی گەشتەکەیدا ٣٢٢ کەس گەشتیان کرد، ئەمەش جارێکی دیکە بە گەموگوڕییەوە لەلایەن هاووڵاتییان پێشوازی لێکرا.
پارێزگاری هەکاری، جونەید ئۆرهان تۆپراک لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە فڕۆکەخانەکە دەبێتە هۆی خزمەتکردنی زۆری هاووڵاتییان و گوتی: "خەڵک لە ئێرانیشەوە دێن لەڕێگەی ئەو فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن. بەهۆی هەندێک هۆکار بۆ ماوەی ١٢-١٣ مانگ گەشتەکانی راگیرابوون. لەو ماوەیەدا کەموکوڕییە بچووکەکانمان چارەسەر کردن. کاتێک رۆژی یەکشەممە بەڕێز سەرکۆمار سەردانی چوکورجای کرد ئەم بابەتە هاتە بەرباس. من باسی گرنگی بەرچاو و پێویستی کردنەوەیم بۆ بەڕێزیان کرد. بەڕیزیان فەرمانی دا، زۆر سوپاسی بەڕێزیان دەکەم. گوتی: "لەو رۆژانە فڕۆکە دێت. فڕۆکەکانمان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەراوە هاتن".
تۆپراک باسی لە خۆشحاڵی هاووڵاتییانیش کرد بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و گوتی: "ئێمەش کۆبوونەوەی پارێزگارانمان هەبوو لە ئەنقەرە، منیش یەکێک بووم لەو گەشتیارانەی لەگەشتی یەکەم لە ئەنقەراوە گەڕاینەوە. ئەوە چێژێکی تایبەتی بە من بەخشی. سوپاسگوزارم بۆ ئەوەی لەماوەی یەک کاتژمێر و ٢٠ خولەک لە ئەنقەراوە گەیشتمەوە ئێرە. دووبارە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەوڵەتەکەمان دەکەم. هیوادارم ببێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ناوچەکە. ئێمە لەناو ئەو خۆشییە داین".
گەشتیارێک بەناوی حەسەن جین کە خەڵکی شاری وانە و لەڕێگەی ئەم فڕۆکەخانە دابەزی ئاماژەی بەوە دا کە دڵخۆشە بەوەی بە یەکەم فڕۆکەی یوکسەکۆڤا گەشت دەکات و گوتی: "کارێکی زۆر باشە. ئیدی دەرگایەکی دیکەشمان بە روودا کرایەوە. هیوادارم رۆژانی خۆشی بەدوا دابێت و ببێتە هۆی ئاشتی. کە رۆژیک فڕۆکە لە وان گەشت نەکات، دەتوانین بێین لێرەوە گەشت بکەین. ئێرەش وڵاتی خۆمانە. بۆیە هێندە دڵخۆشین".
فەرهاد بابا کە شۆفێری تەکسییە ئاماژەی بەوە دا بە کردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە پێداویستییەکی بنەڕەتی یوکسەکۆڤا پڕکردەوە و گوتی: "لە رووی مادییەوە سوودی زۆر بۆ ئێمە دەبێت. گەشتیار هەیە دەچێتە ئێران، ناوەندی شارۆچکە، یان ئەسەندەرە ئێمە ئەوان دەگەیەنینە جێی مەبەست. وەکو خەڵکی یوکسەکۆڤاش زۆر دڵخۆش بووین. هەر کەسێک رۆڵی گێڕابێت لە کردنەوەی فڕۆکەخانەکە و دەستپێکردنەوەی گەشتەکان سوپاسیان دەکەین".