Abdullah Shukur
10 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتی : "ئیتر جیھان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێ واز لە لایەنگری دووانەیی بھێنێ. بە وتنەوەی تیرۆریستی من باشە و ھی تۆ خراپە، ھەرگیز لە بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر سەرکەوتن بەدەست نایەت. بە تایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایی لەو وڵاتە پێشکەوتووانەی دژی ئیسلامن بووەتە مۆدە. ھەوڵدەدەن لەسەر ئەوەی کە تیرۆر لەگەڵ ئیسلام بکەنە یەک سەرچاوە. ئەمشە ھیچ سوودێکی لە بەرەنگاربوونەوەی دژی تیرۆر نابێ و زیان بە دانوستانی نێوان شارستانیەتییەکان دەگەیەنێ".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران لەگەڵ نوێنەرانی جیھانی کار لە ئێوارە خوانێک کۆبووەوە و لەو شوێنە وتارێکی پێشکەش کرد.
بینالی یڵدرم لەبارەی کردەوە تیرۆریستییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە مانگی رەمەزان گوتی : "رێکخراوی تیرۆریستی(پەکەکە) لە مانگێکی پیرۆزی وەک ئەم مانگە و لە رۆژێکدا کە منداڵان دڵخۆشن بە وەرگرتنەوەی دەرئەنجامی ساڵانەیان، سڵیان نەکردووەتەوە لەوەی کە دەستیان بە خوێن بکەن. تیرۆر دوژمنی ھاوبەشی ھەموومانە. دوژمنی ھاوبەشی گشت مرۆڤایەتییە. پێویستە ھەموومان بە ھاوبەشی دژی تیرۆر بووەستینەوە". بینالی یڵدرم لەبارەی قەیرانی نێوان بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی قەتەر گوتی: "بە مەبەستی رێگری لە زیاتر قوڵبوونەوەی قەیرانەکە ئێمە وەک تورکیا بە تایبەتی سەرکۆمارمان رەجەب تەیب ئەردۆغان، ھەوڵێکی جددی دەدەین. گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ گشت وڵاتانی ناوچەکە و ھاوتا دیبلۆماتیکییەکانمان بەردەوامە و داوا لە لایەنەکان دەکەین ھێمنی بپارێزن. ھەوڵی زۆر دەدەین کە لەم مانگە پیرۆزەدا دژایەتی لە نێوان وڵاتانی مووسڵمان سەرھەڵنەدات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند کە مەترسی ئەوە ھەیە قەیرانی نێوان بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی قەتەر ببێتە کێشەیەکی جیھانی. لەمبارەیەوە گوتیشی: "ئەگەر ھەر کێشەیەک لێرەدا سەرھەڵبدات ئەوا تەنھا بەم ناوچەیە سنووردار نابێ. بەڵکو مەترسی ئەوە ھەیە ئەمە ببێتە کێشەیەکی جیھانی بەھۆی تایبەتمەندی جیۆستراتیژی ناوچەکە. بەم پێیەش پێویستە گشت لایەنەکان بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت بکەن و ھەوڵبدەن لەمەڕ دامرکاندنەوەی بارگرژییەکە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەبارەی پلانی پێشخستنی ئاستی ئابووری وڵاتەکەی گوتی: "تاکو ئێستا ٢٠٠ ملیار لیرەمان خستووەتە بازاڕەوە. ئەمەش تەنھا لە ماوە شەش مانگ. بۆ ئەوەی بێ کاری نەمێنێ، بەرھەمھێنان بەردەوام بێ. ھەناردەکردن زیاد بێ و ھیچ بەربەستێک نەیەتە بەردەم ئابووری وڵاتەکەمان. لەوانەیە ئێستا بڵێن کە ئێوە ئەم پارە زۆرەتان داوە ئایا دۆخی ئەم بانکانە چی بەسەر دێت؟ ئێوە بیر لە بانکەکان مەکەنەوە، رێژەی قازانجی بانکەکانیش زیاد دەبێ".
بینالی یڵدرم لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "لەمەودوا ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بەھۆی پارەوە وەبەرھەمھێنان بکەین و دامەرزاندن و بازرگانی و گەشەسەندن زیاد بکەین. بۆیە پێویستە ھاوسەنگی لە نێوان بوارەکانی کشتوکاڵ، بیناسازی، گەشتوگوزار و پیشەسازی دروست بکەین. نابێ تەنھا پشت بە یەک بوار ببەستین بۆ گەشەسەندن. بۆیەش رێککاری خۆمان لەمبارەیەوە دەگرینەبەر و دەشزانین چی بکەین".