Abdullah Shukur,Muhammet Ali Kemal
19 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2018
ئورفا- AA
ئورفا کە یەکێکە لە گەرمترین شارەکانی تورکیا، گەرمای تاقەت پڕوکێن کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانە، بەڵام ئەو کەسانە دڵخۆش دەکات کە سەرگەرمی بەرهەمهێنانی بیبەری وشکی توندن.
بیبەری وشک کە یەکێکە لەو خواردنانەی ئورفای پێ ناسراوە، لە کەشی گەرمی شارەکەدا دوای قۆناغێکی دوور و درێژ و پڕ لە زەحمەت، بەمەبەستی فرۆشتن، دەگاتە سەر رەفەکان
بەرهەمهێنەرانی بیبەری وشکی توند، بەر لە ماوەیەک دەستیان بە وەرزی کارکردنیان کردووە و ئەو بیبەرانەی کە لە کێڵگەکان، یان لە بازاڕەکان دەیکڕن، لە قەدەکانیان دەکەنەوە و، دوای ئەوەش بەدەست بیبەرەکان پارچە پارچە دەکرێن، لە نایلۆن دەگیرێن و لەبەر خۆر وشک دەکرێنەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ناوە ناوە پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٤٠ پلە، بەڵام ئەو کەسانەی بیبەری وشکی توند بەرهەم دەهێنن، بە درێژایی رۆژ سەرگەرمی وشککردنەوەی بیبەرەکانن لەبەر تیشکی خۆر و ئەو گەرمایەش دڵی ئەوان خۆشدەکات. ئەوان لە سایەی گەرمای تاقەتپڕوکێندا چاوەڕوانی وەرزێکی پڕ لە بەرهەم دەکەن.
سەرۆکی کۆمەڵەی بەرھەمھێنەرانی بیبەری وشک لە ئورفا، بەکر پۆڵات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بیبەری وشک بووەتە ماڕکە بۆ شاری ئورفا و کار دەکەن بۆ پێگەیاندنی بەرھەمی پاک و کوالیتی بەرز.
پۆڵات باسی لە گرنگی تیشکی رۆژ لە پێگەیاندنی بیبەری وشک کرد و رایگەیاند کە بە پلەی گەرمای بەرز بەرھەمی زیاتر و چاکتر پێدەگەیەنن.
پۆڵات راشیگەیاند کە لە یەک وەرز کار لەسەر ٥٠ ھەزار تۆن بیبەری تەڕ دەکەن و، لەو بڕەش تەنھا پێنج تۆن بیبەری وشک بەرھەمدەھێنن. گوتیشی: "وەرزی بیبەری وشک دەستیپێکردووە. لەم وەرزەدا بیبەری باش لە کێلگەکانەوە بە ئێمە دەگات. بەمەش کوالێتی ئەو بیبەرە وشکەی لێی دروست دەکرێت بە لەزەتترە. پلەی گەرمای بەرز بۆ بەرھەمھێنانی بیبەری وشکی کوالێتی بەرز گرنگە. لەگەڵ بەرزی پلەی گەرما، بیبەرەکە زووتر وشک دەبێتەوە و بە لەزەتتر دەبێت.بەمەبەش بەرھەمی زیاترمان دەستدەکەوێت. ھەروەکو ساڵانی رابردوو، ئەم وەرزەش پلەی گەرما بەرزە،ئەمەش لە قازانجی ئێمە دایە، بیبەر یەکێکە لە بەرھەمە بە لەزەتەکانی ئورفا، دەمانەوێت بچینە نێو بازاڕەکانی ئەورووپاش، ئامانجی ئێمە بەرھەمھێنانی بیبەری پاک و کوالێتی بەرزە''.