Mümin Altaş,Hüseyin Cem Dağıstanlı
02 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر ڕایگەیاند: "لە سایەی ئەو هەوڵە دڵسۆزانەی لەگەڵ تەواوی یەکەکانی دەوڵەتماندا کران، هەوڵەکانی هەندێک لایەن دژی تورکیا بۆ تێکدانی شیرازەی گشتیی شکست دەهێنێت".
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی تورکیا گولەر و بە بەشداری فەرماندەیی سوپای تورکیا، جێگرانی وەزیر و فەرماندەی یەکەکان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەک سازکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا گولەر زانیاری سەبارەت بە درێژی چالاکییەکان وەرگرت، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەند فەرمانێکی دەرکرد.
گولەر باسی لەوە کرد کە لە سایەی ئەو گوشارە چڕەی لەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی دروستیان کردووە، لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەنديی کردن بە ڕێکخراوەکە دابەزیووە بۆ ئاستی سفر و، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی خۆیان ڕادەست کردووەتەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.
هەروەها گولەر ئاماژەی بەوە کرد کە بەناو سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بە بیانووی جۆراوجۆر ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنیان جێهێشتووە و هەڵاتوون بۆ ئەو ناوچانەی بەلای خۆیانەوە سەلامەتترە و، گوتی: "ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بۆ هەرکوێیەک هەڵبێن ناتوانن لە ژێر چنگی پۆڵاینی مەهمەتچیک (سوپای تورکیا) ڕزگاریان بێت، بێ دوودڵی بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە تیرۆر بەردەوام دەبێت".
وەزیری بەرگریی تورکیا گولەر ئەوەیشی خستەڕوو کە تورکیا لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا و شەرعی ئەنجامیداون ڕێگریی کردووە لە ڕێڕەوی تیرۆر، هاوکار بووە لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و عێراق و سەروەرییان، لەو ڕوانگەیەشەوە بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستە ڕێزدارەکەی.
ڕاشیگەیاند: "بە وردی چاودێری ئەو تێڕوانینە نەرێنیی و زیادبوونی گرژییانە دەکرێت کە هەوڵ دەدرێت لەم دواییانەدا لە بارەی پەنابەرانی سووری دروست بکرێت. لە سایەی ئەو هەوڵە دڵسۆزانەی لەگەڵ تەواوی یەکەکانی دەوڵەتماندا کران، هەوڵەکانی هەندێک لایەن دژی تورکیا بۆ تێکدانی شیرازەی گشتیی شکست دەهێنێت".