11 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەوەیە هاوشێوەی ناوچەی قەراباغ لە سووریا-ش ئاشتی بێتە کایەوە و رایگەیاند ''لە دڵەوە خوازیاری ئەوەین لە نزیکترین کاتدا، سەردەمێکی ئاشتیی و ئارامی هاوشێوەی قەرەباغ لە سووریاش دەستپێبکات. بۆ ئەوەش سەرەتا پێویستە رژێم و رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە خاکی سووریایان خەڵتانی خوێن کردووە پەراوێز بخرێن''.
سەرکۆماری تورکیا، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد و گوتی: ''ئەگەر لایەنی یۆنان و رۆم لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست واز لە بێ ئابڕووی بهێنن، ئەوا پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا رێککەوتنێکی پشتبەستوو بە راستی دێتە ئاراوە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکەش پەیامی ئاشتی دووپاتکردەوە و گوتی: ''وەک تورکیا ئامادەی ئەنجامدانی هەر شتێکین کە بکەوێتە سەر شانمان لەپێناو فەراهەمبوونی ئاشتیی، ئارامیی، متمانە و خۆشگوزەرانیی''.
سەرکۆماری تورکیا، کاریگەری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای لەسەر ناوچەکە وەبیرهێنایەوە و گوتی: ''لەپێناو نەهێشتنی ئەو نادیاریەی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەماندا سەریهەڵداوە پێویستە کەناڵەکانی دیپلۆماسیی و رێککەوتن تا کۆتایی کراوەبن. بەو تێگەیشتنەش هەم دەتوانین هەژموونمان لە گۆڕەپانەکەدا بەهێز بکەین، هەمیش کەناڵەکانی دیپلۆماسیی بەشێوەیەکی کاریگەر بەکاربهێنین''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسیشی لە چاکسازییە ئابوورییەکانی تورکیا کرد و گوتی:
"سوپاس بۆ خوا، ئەمڕۆ تورکیا لە بواری خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان و ژێرخاندا لە وڵاتانی پێشکەوتوو کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە لە زۆرلایەنەوە لەوانیش لەپێشترە. لەم چوارچێوەیەدا ئابووری هەمیشە یەکێک بووە لە بابەتە لەپێشینەکانی وڵاتەکەمان. لە مێژووی وڵاتەکەماندا باشترین نیشانەکانی ئابووری مەزن لە هەموو بوارێکدا هەر لە رێگریکردن لە زیادبوونی هەڵئاوسان تا دەگاتە رێژەی سوو، لە قۆناغی دەسەڵاتی ئێمەدا هاتووەتە کایەوە. دانەوەی هەموو قەرزەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و رزگارکردنی وڵاتەکەمان لەو کێشەیەش هەر نسیبی ئێمە بوو. ئامانجەکانی ٢٠٢٣ کە نزیکەی ١٠ ساڵ بەرلە ئێستا بە گەلەکەمانمان راگەیاند نیشاندەری پلانەکانمانن بۆ ماوەی مامناوەند".