برۆکسل
گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی ICG لەراپۆرتێکیدا سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لەتورکیا ھەڵسەنگاندنی کردووەو ستایشی بەڕێوەچوونی پرسەکە دەکات تا ئێستا.
لەبارەی ھەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستان گروپی ICG نووسیویەتی: "پەکەکە داوای ئاشتی دەکات لە سەر بنەمای رێککەوتنی ھەر دوولا، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدرێ بۆ رازیکردنی تورکیا تا باوەڕ بە داواکانی پەکەکە بێنێ."
راپۆرتەکەی ICG لە ژێر ناوی (ھاوار کردن وەکو گورگ.. نابێ ترسی تورکەکان ببێتە ھۆی راوەستانی کرانەوە بەڕووی کورد دا) بڵاوکراوەتەوە، گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێ ھەر چەندە ئۆپۆزسیۆنی رەگەزپەرەستی تورکیا بەگشتی لە دژی کرانەوەیە بەڕووی کورد دا، بەڵام رای گشتی تورکیا زۆربەی گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و پەکەکەی قەبوڵکردووە.
لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ICG ھەنگاوەکانی ئاکەپەی نرخاندووە لەبارەی بەرەو پێشبردنی چارەسەری پرسی کورد. نووسیویەتی: " کردنەوەی کەناڵی تەلەڤزیۆنی کوردی، بە یاساییکردنی خولی تایبەت بەزمانی کوردی، سەربەستکردنی پەروەردەی کوردی لە قوتابخانە تایبەتییەکان لەلایەن ئاکەپەوە ئاراستەی کورد کراون، لە نێو رای گشتی تورکیا نەبوونە ھۆی ناڕەزایەتی".
لە راپۆرتەکەدا ھەروەھا ھاتووە: ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە دەنگدەری تورک بە ھۆی ئاستەنگییەکانی بەردەم خێرا بەڕێوەچوونی چارەسەری پرسی کورد(نەکێشانەوە و چەک دانەنانی پەکەکە) ئەو خۆپیشاندانانەی ھیچ پەیوەندییان بە قۆناغەکەوە نییە، ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، ببنە ھۆی ئەوەی لە ھەڵبژاردندا دەنگ بەو حکومەتە نەداتەوە کە لە بواری پرسی کورددا گۆڕانکاریی "یەکجار گرنگ"ی ئەنجامداوە.