Utku Şimşek
13 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردار کاراگۆز ڕایگەیاند، ڕێبەرییەک بۆ کەڵک وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد لە ناو میدیادا دادەمەزرێنین.
کاراگۆز لە کۆڕبەندێکدا بە ناونیشانی "بەڕێوەبردنی ژیری دەستکرد لە میدیادا" گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "دەمانەوێت ڕێبەرییەک دابنێین بۆ کەڵک وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد و لەم کۆڕبەندەشدا چوارچێوەی ئەو ڕێبەرییە دەستنیشان بکەین".

سەردار کاراگۆز وێڕای ئاماژەدان بە پێشکەوتنی بەرچاوی ژیریی دەستکرد، گوتی: "پێویستە چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەم بارەیەوە دابندرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو جەختیشی لەوە کردەوە کە، ژیریی دەستکرد لە ماوەی چارەگە سەدەیەکی ڕابردوودا زۆرترین کاریگەری لەسەر مرۆڤ هەبووە و گوتی: "پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ قەبارەی بازرگانیکردن بە ژیریی دەستکرد بگاتە ١.٨٥ ترلیۆن دۆلار. ئەو پرسە وەک هەموو بوارێکی دیکە لایەنی باشی و خراپی خۆی هەیە و قسە زۆر هەڵدەگرێت".

کاراگۆز لە درێژەی قسەکانیدا دا گوتی: "پرسیارگەلێکی زۆر لەم بوارەدا هەیە، بۆ نموونە تا چ ڕادەیەک ژیریی دەستکرد وەک هەڕەشە دەبینین؟ ئایا یارمەتیدەری پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی میدیاکان دەبێت یان بە پێدانی زانیاریی ناڕاست تووشی کێشەیەکی ئاکاریمان دەکات؟ ئەمڕۆ ڵێرە هەموو ئەم بابەتانە لەگەڵ یەکتر تاوتوێ دەکەین".
هەر لە کۆڕبەندەکەدا، سەردار کاراگۆز گوتیشی: "هەوڵ دەدەین چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد دابمەزرێنین و چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەم بارەیەوە دابندرێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردار کاراگۆز لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئانادۆڵو، تەکنەلۆجیا نەک تەنیا وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک بەشێک و ڕەهەندێک لە ڕۆژنامەوانی سەیر دەکات. مانگی پێشوو یەکەمین ڕیپۆرتەری ژیریی دەستکردمان دامەزراند. ئێمە داوامان لە ChatGPT کرد کە بە پێدانی زانیاری، هەواڵێکمان بۆ دروست بکات".

گوتیشی: "ئێمە لە میانی گفتوگۆکانماندا لەسەر ژیریی دەستکرد، باسی بیرمەندی جزیری کە لەسەدەی ١٢ ژیاوە و لیوناردۆ دا ڤینچی-مان کردووە کە ئەویش لە سەدای ١٥دا ژیاوە و ئەوانیشمان ناساند و هەروەها جەنگی مەلازگیرد-مان بە ڕێگەی ژیریی دەستکرد کێشایەوە. وێنەکان بە تەواوی لە لایەن ژیریی دەستکردەوە کێشرانەوە".
سەردار کاراگۆز گوتیشی: "ئەوانە یەکەمین بەرهەمەکانی ئێمە بوون بە ژیریی دەستکرد. لە ڕۆژانی داهاتوودشدا ژیریی دەستکرد وەک پەیامنێر نا، بەڵکو وەک بەڕێوەبەریش دادەمەزرێنین. بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە هەماهەنگیکاریشی دەبێت. وەک باسمکرد میدیاکان هەڵگری بەرپرسیاریەتێکی دادپەروەرانەن و بەڕێوەبەرانی ژیریی دەستکردی ئێمە هەموو هەوڵەکانیان لە ئاراستەی بە بڕاندکردنیەتی".