31 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2020
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو پرسەكانی هەرێمیی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی، محەمەد عەلی حەكیم تاوتوێ كرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە كە محەمەد عەلی حەكیم و مەولود چاوشئۆغڵو پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، چۆنیەتی پتەوتركردنی ئاسۆی هاوكارییە دووقۆڵییەكان، لەگەڵ هەماهەنگی ستراتیجیی نێوان عێراق و توركیا بە ئاراستەی پرسەكانی هەرێمیی و نێودوڵەتیی تاوتوێكراوە.
ئاماژە بەوەیشكراوە كە هەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەردوولا گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە دوا پێشهاتەكانی رەوشی ئەمنی لە ناوچەكە، لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەی كە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونەتەبەر.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەكیم جەختیكردووەتەوە لەسەر راوێژكردن و هەماهەنگی هەڵوێستەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بەرامبەر بەو پرسانەی كە جێگەی بایەخ و گرنگی هاوبەشی نێوان هەردوولان.