Zana Natık Kerem
11 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2019
ئەنقەرە ــ AA
لە بارەی ئەو مامەڵە نەشیاوەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی رێکیاڤیک بەرامبەر بە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا کرا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا ئایسلاندییەکەی، گۆدلۆگور سۆر سۆردارسن ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە دیپلۆماتییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەستکەوتوون لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مەولود چاوشئۆغڵو بە ھاوتا ئایسلاندییەکەی راگەیاندووە، ئەو مامەڵە نەشیاوەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی رێکیاڤیک بەرامبەر بە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا کراوە، بە ھەموو شێوەیەک قبووڵکراو نییە و رەتیدەکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا بۆ ئەنجامدانی چوارەم یاری لە کۆمەڵەی ھەشتدا لە پاڵاوتنەکانی جامی ئەورووپا ٢٠٢٠ دا لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئایسلاند لە میانی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی رێکیاڤیک رووبەڕووی ھەڵسوکەوتی نەشیاوی دوور لە گیانی وەرزشی بوویەوە.
یاریزانان و تیمی کارگێڕی و ھونەری ھەڵبژاردەی تورکیا لە فڕۆکەخانەکەدا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر راگیران تا پشکنین لێکۆڵینەوەکان لە پاسپۆرتەکانیان تەواوبوو.