Mazın Asad
22 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2017
سۆچی - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "وەک تورکیا درێژە بە وەدەرنانی ئەو تیرۆریستانە دەدەین کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی سووریا. کەس چاوەڕێی ئەوەمان لێ نەکات لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ژێر ھەمان چەتر و ھەمان پلاتفۆرمدا بین کە ئاسایشی نیشتمانیمان دەکاتە ئامانج. ئەگەر باس لە یەکپارچەیی و یەکێتی سیاسی سووریا بکەین ئەوا نابێ چەتەیەکی خوێنرێژ کە دەیەوێ ئەو وڵاتە دابەش بکات، بە رۆڵگێرێکی دانپێدانراو ببینین".
دوای بەڕێوەچوونی لووتکەی سۆچی لە سەناتۆریوم رووسیا لەبارەی سووریا، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران حەسەن روحانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
ئەردۆغان لەمیانی گوتەیەکیدا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، ستایشی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتنی کرد و رایگەیاند دیالۆگی چڕوپڕی نێوان تورکیا و رووسیا ھەم لەبارەی بابەتە دووقۆڵییەکان ھەمیش لە پرسە ناوچەییەکان درێژەی دەبێت.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە لەبارەی درێژەدان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا، ھاوڕان لەگەڵ پوتین و راشیگەیاند لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رێککەوتوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە گشت بوارەکاندا.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە کۆبوونەوەی ھەستیاری لەگەڵ پوتین و روحانی ئەنجام داوە و لە ژێر متمانە تاوتوێی پرسەکانی رۆژەڤیان کردووە و گوتیشی: "دووبارە چاومان بە ئەو ھەنگاوانەماندا خشاندەوە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە سووریا ناومانە. بە خۆشحاڵییەوە دەرکەوت کە ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان رۆڵی سەرەکی لە کەمکردنەوەی توندوتیژی گۆڕەپانەکە ھەبوو. لە کۆبوونەوەکانماندا بنەمای ئەو پێشوەچوونەی لە ئاستانا تۆمار کرا، تاوتوێی ھەوڵەکانمان کرد بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان لە قۆناغی جنێڤ. لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوڕابووین لەسەر دەستپێکردنی قۆناغێکی سیاسی شەفاف و ئازاد و دادپەروەر و گشتگیر بە رابەرایەتی گەلی سووریا. لەسەر ھەوڵەکانی فێدراسیۆنی رووسیا بۆ دەستەبەرکردنی قۆناغی سیاسی سووریا، بڕیارمان دا لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سووریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکتر کار بکەین".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "روونکردنەوەی ھاوبەشی ئەمڕۆمان، یەکەم ھەنگاوی رەنگدانەوەی کاری ھاوبەشمانە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم ھەوڵە پەیوەستە بە ھەڵوێستی گشت لایەنەکان بە تایبەتیش رژێم و ئۆپۆزسیۆن. لەم قۆناغەدا ھەوڵەکانی سێ وڵاتی گەرەنتیکار لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ھەستیارییەکانی یەکتر رۆڵێکی گرنگی دەبێت. وەک تورکیا درێژە بە وەدەرنانی ئەو تیرۆریستانە دەدەین کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی سووریا. کەس چاوەڕێی ئەوەمان لێ نەکات لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ژێر ھەمان چەتر و ھەمان پلاتفۆرمدا بین کە ئاسایشی نیشتمانیمان دەکاتە ئامانج. ئەگەر باس لە یەکپارچەیی و یەکێتی سیاسی سووریا بکەین ئەوا نابێ چەتەیەکی خوێنرێژ کە دەیەوێ ئەو وڵاتە دابەش بکات، بە رۆڵگێرێکی دانپێدانراو ببینین".
ئەردۆغان گوتیشی: "ھیواخوازین کاری ھاوبەشی نێوان وڵاتەکانمان کاریگەرییەکی باش بۆسەر ناوچەکە دروست بکات و تەواوی گرژییەکان و ناکۆکییە مەزھەبگەراییەکان کەمبکاتەوە".
سەرکۆماری تورکیا بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند: "داوا لە گشت لایەنە بەرپرسیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە پشتیوانی لە ھەوڵەکانمان بکەن".