Mümin Altaş
12 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تایب ئەردۆغان رایگەیاند ''پشتیوان بەخوا بە شێوەیەک کە پەتاکە کۆنترۆڵ بێت، لە دوای جەژن بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو هەنگاو دەگرینەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە''.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاویکردەوە، ئەردۆغان جەژنی رەمەزانی لە جیهانی ئیسلامی و گەلی تورک پیرۆز کرد.
ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند ''هەرچەندە بەهۆی ئەو کێشانەی پەتاکە هێناویەتە ئاراوە جەژنێکی تاڵ بەڕێدەکەین، بەڵام پشتیوان بەخوا رۆژانێکی خۆش چاوەڕوانمان دەکات''.
هەروەها ئەردۆغان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی پەتاکەوە، وەک بەرپرسیارێتیی بەرامبەر گەلەکەیان ناچاربوون سنووردارکردن پەیڕەوبکەن.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بەشێکی زۆری مانگی رەمەزان لەژێر سێبەری ئەو سنوورداریانە تێپەڕی و، رایگەیاند: ''پشتیوان بەخوا بە شێوەیەک کە پەتاکە کۆنترۆڵ بێت، لە دوای جەژن بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو هەنگاو دەگرینەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە. پێداگرانە بەردەوام دەبین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیە کە تەواو کاریگەری کردووەتە سەر جیهان، بەتایبەتی دەوروبەری نزیکمان. لە پاڵ بەهێزکردنی سیستمی تەندروستیمان هەموو جۆرە شێوازێکی پێویست بەکاردەهێنین دژ بە هەڕەشەکانی پەتاکە، بەتایبەتی ڤاکسین".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، باسی لەوە کرد کە دەستی هاوکاریان درێژکردووە بۆ هەر بەشێک کە بەهۆی رێکارییەکانەوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر دروست بووە و، هەر هاووڵاتيیەک کە دوچاری کێشە بوونەتەوە.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو هەنگاوێکیان گرتووەتەبەر کە پشتیوانیە لە بەرهەمهێنان، رەخساندنی هەلی کار و گەشەسەندن و هەموو جۆرە پشتیوانیيەکیان پێشکەش کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەزانن هاووڵاتی هەیە کەوتووەتە کێشەوە، داهاتی کەمی کردووە و کاری تێکچووە و، رایگەیاند: ''پشتیوان بەخوا لە کورترین ماوەدا ئەو کێشانەیان دەڕەوێنینەوە. وەک چۆن تورکیای پێش ٢٠ ساڵمان لە وڵاتێکی لاواز لە رووی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیيەوە گەیاندە وڵاتێک کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە و جیهاندا خاوەن قسەیە، بەو شێوەیەش کێشەکانی ئێستاشی چارەسەر دەکەین''.
هاوکات ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پێداگرن لەسەر ئەوەی لە پاش پەتاکە لەو سیستمی سیاسیی و ئابوورییە جیهانیيەی سەرلەنوێ رێکدەخرێتەوە ئەو پێگەیە بۆ وڵاتەکەیان دەستبخەن کە شایەنێتی و، شەو و رۆژ لەو پێناوەدا کار دەکەن و، رایگەیاند: ''ئەو راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە پشت هەر رووداوێکەوە لە ناوچەکەماندا روودەدات نیازی دوورخستنەوە و بێ بەشکردنی تورکیا هەیە لە دەستکەوتەکان. ئەوانەی رق و قینیان دژ بە وڵاتەکەمان هەڵدەڕژن، حەواڵەی دانایی گەلەکەمانیان دەکەین. گۆڕەپان بۆ ئەوانە چۆڵ ناکەین کە تەنانەت پەتاکەش بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن''.