Abdullah Shukur
11 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
لە سێیهمین كۆنگرهی ئاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی بە ھاوسەرۆکی گشتی ئەو پارتە ھەڵبژێردران.
کۆنگرەکە لە ھۆڵی وەرزشی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان لە کۆی ھەزار و ١٠٩ ئەندام تەنھا ٨٣٧یان دەنگیان داوە.
لە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی بە ٨٢٣ دەنگ بە ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە ھەڵبژێردران.
هاوکات ئەندامانی کۆنگرە ١٠٠ کەسیان وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ئەو پارتە ھەڵبژارد و تێدا ٤٧ ئەندام وەک خۆی مایەوە و ٥٣ ئەندامی نوێش ھەڵبژێردرا.
سەرۆکی پێشووی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پلە یەکی لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتەکە دانرا و ناوی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی دیکەی ئەو پارتەش لە لیستەکە دەرھێنران.
لە دوای ئاشکراکردنی ناوی ھەردوو ھاوسەرۆکی نوێی ھەدەپە، پەروین بوڵدان و سەزای تەمەللی سوپاسی گشت ئەو کەس و لایەنانەیان کرد کە کاریان بۆ کۆنگرەکە کردووە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ئەمنیەکانەوە دەستکەوتوون، سێ ھەزار و ٥٠٠ کارمەندی پۆلیس بەشداربوون لە پاراستنی ئاسایشی ھۆڵی کۆنگرەکە و لە ئاسمانیشەوە ھێلیکۆپتەر و ھاوکات پۆلیسی سەر ئەسپ، پاڵپشتی ئەمنی کۆنگرەکە بوون.
لەناو هۆڵکەدا، هەشت هەزار و لە دەرەوەش ٥٠٠ کەس بەشداربوون لە کۆنگرەکەدا.