Mazın Asad
22 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند لە پێناو رزگارکردنی بەنداوی تەبقا و دەوروبەری لەدەست داعش کە لەسەر روباری فورات دروستکراوە، پشتیوانی ئاسمانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن کە پەیەدە/پەکەکە رێبەرایەتی ئەو ھێزە دەکات.
گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن، ئادرین رانکین گالۆوای لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنی گەمارۆدانی رەققە لە لایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات، پشتیوانی ئاسمانی بۆ سەندنەوەی پردی بەنداوی تەبقا و دەوروبەری لەدەست داعش پێشکەش بەو ھێزانە دەکەن.
گالۆوای ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا بە ھێزە تایبەتەکان و ھەلیکۆپتەرەکانیەوە پشتیوانی ئاسمانی پێشکەش دەکات و گوتیشی: "سەندنەوەی بەنداوی تەبقا و داخستنی پردەکەی سەری لە رزگارکردنی رەققە گرنگە. داعش لە ٢٠١٤ ەوە بەنداوی تەبقا وەک ناوەند و بەندیخانەیەک بۆ حەپس کردنی دیلەکان بەکار دەھێنێت".
ناوبراو وردەکاری زیاتری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە نەدا و وەڵامی پرسیارێکیشی نەدایەوە کە ئاخۆ ھێزە تایبەتەکانی ئەمریکا راستەوخۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن یاخود نا.