Emre Ilıkan
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
وان – AA
٦٣ هەزار سەر ئاژەڵ لە پارێزگای وان کە لە رووی ژمارەی مەڕوماڵات لەسەر ئاستی تورکیا لە ریزی یەکەمدایە، بەر لە هاتنی جەژنی قوربان بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا رەوانە کراون.
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، سێ ملیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٢٢٠ سەر مەڕوماڵات لە وان هەن و ئاژەڵداران بۆ فرۆشتنی مەڕوماڵاتەکانیان بۆ قوربان بەشی هەرە زۆری ئاژەڵەکانیان بۆ گەورەشارەکانی رۆژئاوای تورکیا رەوانە کردوون.
پشکنینی تەندروستی بۆ ٦٠ هەزار سەر مەڕوماڵات و سێ هەزار سەر رەشەوڵاخ کە لە مێرگەکانی وان لەوەڕێندراون لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ و دارستانی وان ئەنجام درا و دواتر بە بارهەڵگر ئاژەڵەکان رەوانەی گەورەشارەکانی وەک ئەنقەرە، ئیستانبوڵ، ئیزمیر و قۆنیا کران.
لە بازاڕەکاندا نرخی مەڕوماڵات بە دوو هەزار لیرە و ئاژەڵی رەشەوڵاخیش بە ٢٥ هەزار لیرە دەست پێ دەکات و فرۆشیاران و کڕیاران و سەودا و مامەڵەیەکی زۆر لەگەڵ یەکتردا دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وان، ئیبراهیم گۆرەنتاش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەردەوامن لە کارەکانی پشکنینی تەندروستی بۆ ئەو ئاژەڵانەی بۆ پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا رەوانە دەکرێن و تاکوو ئێستا سێ هەزار ئاژەڵی رەشەوڵاخ و ٦٠ هەزار سەر مەڕوماڵاتیان رەوانە کردووە.
گۆرەنتاش ئاماژەی بەوە دا بە درێژایی ئەو ماوەیە تیمەکانیان و پزیشکانی ڤێرتێنەری بەردەوام لەو شوێنانە دەبن لە ئاژەڵی قوربانییان لێ دەفرۆشرێت و چاودێری رەوشەکە دەکەن.
ئاژەڵدار هاکان کاشکا ئاماژەی بەوە دا کە ٢٠٠ سەر مەڕوماڵاتی هێناوەتە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان کە بە گرنگی پێدانی زۆرەوە لەوەڕاندوونی و چاوەڕێی فرۆشیار دەکەن، گوتی: "ساڵی رابردوو مەڕوماڵاتمان بە هەزار و ٥٠٠ لیرە دەفرۆشت، ئەمساڵ بە دوو هەزار لیرە دەیفرۆشین".