Abdulhameed Husseın Karam
07 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2022
ھەولێر - AA عەبدولحەمید حوسێن
ساڵانە بە ھەزاران ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بازرگانی، گەشتیاریی و بۆنە و جەژنەکاندا لە رێگەی زەوی و ئاسمانەوە سەردانی تورکیا دەکەن.
لە جەژنی قوربانی ئەمساڵیش کە رەوشی کۆرۆنا بەرەو نەمان دەچێت، خەڵکێکی زۆر روو لەو وڵاتە دەکەن. بە پێی داتایەکی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا، رۆژانە حەوت هەزار هاووڵاتی عێراقی ڤیزەی گەشتیاری تورکیایان پێ دەدرێت.
نەوزاد کەریم حوسێن ئەو ھاووڵاتییەیە کە لەگەڵ چوار لە ئەندامانی خێزانەکەی بە ئوتۆمبێل سەردانی تورکیا دەکەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە گەشتکردن بۆ تورکیا چێژ وەردەگرم ئەوەش بەھۆی ئەوەیە کە لە تورکیا خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران زۆر باشە، ئەوان دەوڵەتێکی عەلمانیین و دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ گەشتیار بکەن ئەوەیش بەبێ جیاوازی رەگەز و مەزھەب".
ئەو ھاووڵاتییە کە بۆ وەرگرتنی ڤیزە ھاتبووە سەنتەری ڤیزای تورکیا لە ھەولێر گوتی: "ئەوەش ئاشکرایە تورکیا دەوڵەتێکە ھەمیشە ھانی گەشتیار و گەشتیاریی دەدات بۆ وڵاتی خۆی و ئەوەش بە پێشکەوتن دەزانین لە ھەموو روویەکەوە".
نەوزاد کەریم کە چەند جارێک سەردانی تورکیای کردووە لە بارەی ئەوەی کە بۆچی جارێکی دیکە تورکیای ھەڵبژاردووە بۆ گەشتیاری گوتی: "تورکیا لە رووی جوگرافیا، رێگاوبان، سیستەمی ھۆتێل و پێشوازیکردن لە گەشتیاران پێشکەوتووە، ئەوان پشتیوانی لە گەشتیاریی دەکەن، ئەوەش وایکردووە ئێستا جگە لە وڵاتانی دەورووبەر لە ئەورووپا و ئەمریکا خەڵکی رووی تێ بکەن و من ئەوەش بە پرۆفیشناڵی دەزانم بۆ تورکیا و لە وێ سیستەم و یاسا ھەیە کەس بێ رێزیت پێ ناکات".
گوتیشی: "من بۆ ئیمارات بڕوم کە تەماشای بینا، مول و بیابان بکەم؟، نا ئەوە ناکەم، من دەچمە تورکیا و بە دوای دەشت، چیا، ئاو و سەوزایی دەگەڕێم من گەشتوگوزارکردن لە جوانی و دۆزینەوەی شوێنەکاندا دەبینم".
ھاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی شوکر ئیسماعیل کە لەگەڵ کوڕەکەی بۆ یەکەمجارە سەردانی تورکیا دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من بۆ گەشت، ھەروەها بۆ کار سەردانی تورکیا دەکەم ئەم جەژنە دەرفەتێکە کە گەشتێکی باش بکەین و دوای جەژنیش سەردانی ژمارەیەک شوێنکار دەکەین بۆ کارەکەم کە کۆمپانیای فیلتری ئاوم ھەیە".
ئیسماعیل شوکر گوتیشی: "تورکیا دراوسێمانە و نزیکیشە تا گەشت بۆ دەوڵەتێکی دیکە و دوورتر بکەم و پارەی زیاتر سەرف بکەم، بۆ وێ (تورکیا) دەڕوم".
شوفێری یەکێک لە پاسەکان کە گەشتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ شاری دیاربەکر دەگوازێتەوە بە ناوی خەلەف سزجی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتریش پاسەکان لێرە دەرۆیشتن بۆ تورکیا، بەڵام ئەوەندە زۆر نەبوو لەم رۆژانەدا بەھۆی جەژنی قوربان زۆر زیاتر بووە بەجۆرێک تەنیا لە کۆمپانیاکەی ئێمە، چوار بۆ پێنج پاس ئێستا دەڕون و ھەر پاسێکیش ٣٠ بۆ ٤٠ کەس ھەڵدەگرێت".
ئەو لەبارەی جەنجاڵی لە دەروازە سنوورەکان گوتی: "ئەم جەژنە خەڵکێکی زۆر روو لە تورکیا دەکات ئەوەش بووەتە ھۆی قەرەباڵغییەکی زۆر لە دەرگای ئیبراھیم خەلیل و ھیوادام رێکخستنی باشی بۆ بکرێت".