Muhammet Ali Kemal
19 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2016
وەزیری بەرگری تورکیا فیکری ئشک سەبارەت بە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچییەوە، رایگەیاند: ''وەک وەرەمێک چۆن دزەیان کردووەتەوە نێو هەموو دەزگاکانی حکوومەتەوە، بەو شێوەیەش دزەیان کردووەتە نێو سوپاوە، ئەو وەرەمە رۆژ بە رۆژ گەورەتر و گەورەتر بووە''.
ئشک لە گوتەیەکدا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە شارۆچکەی ئیزمیت ''ئێشکیان بۆ دیموکراسی'' دەگرت، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان لە رکوع زیاتر لە هیچ شوێنێکی دیکەدا ناچەمێنەوە و لەمەودواش تەنها لەخزمەت پەروەردگاردا دەچەمێنەوە.
فیکری ئشک باسی لەوەکرد تورکیا ناپاکیی زۆری بەسەردا هاتووە و گوتی: ''لە سەردەمی عوسمانییدا ناپاکیی زۆر روویان دا، لەسەردەمی کۆماردا بە هەمان شێوە، کودەتای ساڵی ١٩٦٠مان بینی، یادداشتنامەکەی ساڵی ١٩٧١مان بینی، کودەتای ساڵی ١٩٨٠مان بینی، قۆناغی ٢٨ی شوباتمان دی، یاداشتی ٢٧ی نیسانمان بینی بەڵام ناپاکییەکی لەم جۆرە، رەوشتنزمییەکی لەم جۆرەمان نە بینی نە بیستمان. تۆڕێکی ناپاکی کە رەنجی ئەم گەلە دەخۆن، رەنجی ئەو کەسانەی بە کەمترین مووچە کاردەکەن و باج دەدەن، ئەوان بەو باجەی ئەو گەلە دەیدات مووچە وەردەگرن بەڵام فەرمان لە پەنسیلڤانیا وەردەگرن، ئەوانە شەوی ١٥ی تەمووز هەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەکیان دا. بەڵام چۆن کودەتایەک. سەرەتا سەرکۆمارمانیان دەگرت. دواتر خوا نەکات دەیانکوشت. پاشان دەستیان بەسەر تورکیادا دەگرت و دەیانخستە خزمەت ناوەندەکانی هێز لە جیهاندا''.
وەزیری بەرگری تورکیا جەختی کردەوە پلانی کودەتاچییەکان شکستی هێنا و رایگەیاند: ''ئەگەر بهاتایە و بەڕێز سەرکۆمارمان ١٥ دەقیقە لە فڕۆکەکەی دوا بکەوتایە لەوانەبوو ئەمڕۆ لە تورکیایەکی زۆر جیاواز لەمەی ئێستادا بین. ئەگەر بەڕێز سەرکۆمارمان فڕۆکەکەی لەجیاتی ئیستانبوڵ بەرەو ئیتاڵیا ئاراستە بکردایە، وەک کەسانێک چاوەڕێیان دەکرد، لەوانە بوو ئەمڕۆ لە شوێنێکی دیکە بین بەڵام ئەو ئەوەی هەڵبژارد کە لە نێو گەلەکەیدا بێت و بۆیە هات بەرەو ئیستانبوڵ''.