Kasım İleri
16 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2023
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن سەردانی تورکیا، ئەڵمانیا و یۆنان دەکات و تاوتوێی زۆر پرس بە تایبەتی هاوکاریکردنی ئەو ناوچانە دەکات کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەشەوە، زیانیان بەرکەوتووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بلینکن ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ گەشت دەکات بۆ ئەڵمانیا.
لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە پاڵپشتیکردن لە ئۆکراینا و ئاسایشی ناوچەکە، هاوکاریکردنی ١١ پارێزگای تورکیا و ناوچەکانی باکووری سووریاش تاوتوێ دەکرێن کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی قەهرەمانمەڕەشەوە زیانیان بەرکەوتووە.
- ئینجیرلیک یەکەم وێستگەی تورکیای دەبێت
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە ١٩ی شوبات دەچێتە تورکیا و سەرەتا سەردانی بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک دەکات بۆ بینینی ئەو پشتگیرییەی کە ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی رزگارکردن لە ناوچەکانی بوومەلەرزەکە پێشکەشی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بلینکن لێرەدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێگاکانی زیاتر بەهێزکردنی هاوبەشیی لەگەڵ تورکیا کە هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆیە، هەروەها ئەو پاڵپشتییەی کە ئەمریکا لە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە پێشکەشی تورکیا و گەلی تورکیای کردووە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و بەرپرسانی باڵای دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە، هەروەها بلینکن سوپاسی حکوومەتی تورکیا دەکات بەرامبەر بە پاڵپشتیکردنی ناوچە کارەساتبارەکانی سووریا".
- کۆبوونەوەی گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمریکا و یۆنان لە ئەسینای پایتەخت
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دواتر بلینکن دەچێتە ئەسینای پایتەخت و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس و وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس دێندیاس و سەرکردەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، ئەلێکسیس سیپراسی کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بە ئامادەبوونی بلینکن لە ٢١ی شوبات قۆناغی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیجیی ئەمریکا و یۆنان دەست پێ دەکات".