İsa Toprak
29 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی سەربە فەرماندەیی سوپای دوو ئەنجامدا.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتەکە، گولەر کە لە هەکاری بەردەوامە لەسەر دیدارەکانی، بە یاوەری سەرۆک ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ مەتین گوراک و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ سەلجوق بایراکتارئۆغڵو فەرماندەیی فرقەی سێی پیادەی بەسەرکردەوە.
دواتر گولەر لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی فەرماندەیی سوپای دوو ئەنجامدا و، زانیاری سەبارەت بە چالاکییە بەردەوامەکان وەرگرت و چەند فەرمانێکی دەرکرد لە بارەی ئەو کار و چالاکییانەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەنجام دەدرێن.
گولەر ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی ستراتیجی بەرگریی و ئەمنیی دینامیکی و چالاکانە کە ئامانج نەهێشتنی هەر جۆرە هەڕەشەیەکە لە سەرچاوەکەیدا پێش ئەوە بە سنوورەکان بگەن، ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر کە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچن، سەرکەوتووانە بەردەوامن.
ڕاشیگەیاند: "لە ئاکامی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەی لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بەڕێوەدەچن، پەیوەندی کردن بە ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە گەیشتووەتە خاڵی وەستان و ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی خۆیان ڕادەستکردووەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە. سەرچاوەکانی تیرۆر کە لەودیو سنوورەوە هەڕەشەن بۆسەر وڵاتەکەمان لەناوبراون و ئەو ڕێڕەوی تیرۆرەی دەخوازرێت لە سنوورەکانمان دروست بکرێت پارچە پارچە کراوە، بەوەیش ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە ناوخۆی وڵات گەیشتووەتە خاڵی نەمان. لە قۆناغی دواتردا بە پەرەپێدان و فراوانترکردنی ئەو کۆنتڕۆڵەی تا ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا دروستمان کردووە، بەمەبەستی نەهێشتنی توانای ڕێکخراوی تیرۆریستیی بۆ ئەنجامدانی کردە و چالاکی، دەچینە هەر شوێنێک پێویست بکات و هەژموونی ڕەها لە گۆڕەپانەکەدا دادەمەزرێنرێت".