Hüseyin Cem Dağıstanlı
27 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2025
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون، ٤٤ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە بینای وەزارەتەکە سازی کرد، ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای تورکیا لە پاڵ دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانیی و بەرژەوەندییەکانی تورکیادا، بەردەوامە لە هەوڵەکانی پاراستنی ئاشتیی و سەقامگیریی جیهانی.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ستراتیجی بەرگریی و ئەمنییدا لە باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدراون ٤٤ تیرۆریستی دیکە لە چالاکی خراون و ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمەوە هەتا ئێستا لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٤٥٢ تیرۆریست، لەوانەیش ١٨٦یان لە باکووری عێراق و ٢٦٦یان لە باکووری سووریا بوون".
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە بەشێوەیەکی چڕ و ورد ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکان و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٩٠ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش یەکێکیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بووە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە کانوونی دووەمەوە هەتا ئێستا دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن گەیشتووەتە ٨١٠ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە ١١ هەزار و ١٧٧ کەسن".