Sarp Özer,Ferdi Türkten
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە ــ AA
وەزارەتی بەرگریی توركیا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەت بە كەشتی ئۆروچ رەیس كە بەردەوامە لە كارەكانی گەڕان بەدوای كێڵگە و یەدەگی نەوت و دەرامەتە سروشتییەکان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
لە بەشێكی گرتە ڤیدیۆییەكەدا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان تیمی كەشتی ئۆروچ رەیس و كەشتی جەنگیی (TCG Gedi) كە یاوەری كەشتی ئۆروچ رەیس دەكات، تۆماركراوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كە لە ئاسمانەوە گیراوە، رەوشی مەیدانی كەشتیی ئۆروچ رەیس نیشان دەدرێت كە بەردەوامە لە كارەكانی گەڕان بەدوای كێڵگە و یەدەگی نەوت و دەرامەتە سروشتییەکان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا كە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوكراوتەوە، هەروەها ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە تۆماركراوە كە فەرماندەی دووەمی كەشتی جەنگی (TCG Gedi) لەگەڵ تیمی ناو كەشتی ئۆروچ رەیس ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، فەرماندەی دووەمی كەشتی جەنگی (TCG Gedi) بۆ تیمی نێو كەشتی ئۆروچ رەیس دەڵێت: "لەم ئەركە گرنگەكەدا، هەموومان لەگەڵ ئێوەین كە دەستكەوتێكی گرنگ و گەورە بۆ وڵات و گەلەكەمان بەدەست دەهێنن، ئێمە متمانەمان بەوە هەیە كە ئێوە ئەو مژدەیە رادەگەیەنن كە گەلەكەمان چاوەڕوانی دەكات".
فەرماندەكە راشیگەیاندووە كە هێزەكانی دەریاوانیی توركیا پێداگیرانە هەرچی هەوڵ توانایان هەیە لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەخەنەگەڕ.
لای خۆیەوە یەكێك لە ئەندامی تیمی كەشتیی ئۆروچ رەیس دەڵێت: "بوونی كەشتیگەلی وڵاتەكەمان لێرەدا، ئارامی و ئاسایشمان بۆ دەرەخسێنێت".
لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییە، وەزارەتی بەرگریی توركیا جەختی كردووەتەوە كە هێزەكانی دەریاوانیی توركیا بەردەوامن لە یاوەریکردن و پاراستنی كەشتی ئۆروچ رەیس كە بەردەوامە لە كارەكانی گەڕان بەدوای كێڵگە و یەدەگی نەوت و دەرامەتە سروشتییەکان لە ناوچەكانی دەسەڵاتی دەریایی توركیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
وەزارەتی بەرگریی توركیا جەختی لەسەر ئەوەیش كردووەتەوە كە رێگا بەوە نادات هیچ كارێكی نایاسایی و ناڕەوا لە ناوچەكەدا، ئەنجام بدرێت.