Ahmet Bayram,Kamil Altıparmak
10 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2022
مانیسا – AA
بەشێکی گرنگی ئەوانەی سەردانی پارکی زەویناسیی جیهانیی یونیسکۆ کولا-سالیهلی لە پارێزگای مانیسا دەکەن کە وەک "وڵاتی سووتاو"ی جوگرافیای چاخی دێرین لەقەڵەم دەدرێت، لەو ئەکادیمیی و خوێندکارانە پێک دێن کە لە بەشی زەویناسی دەخوێنن.
ئەم پارکە زەویناسییە کە رووبەرەکەی دوو هەزار و ٣٢٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەکەوێتە سنووری کارگێریی هەردوو قەزای کولا و سالیهلی، ساڵانە بە تێکڕایی ٣٠ هەزار کەس سەردانی دەکەن و بەشێکی گرنگی ئەوانەیش لەو ئەکادیمیی و خوێندکارانە پێک دێن کە لە بەشی زەویناسی دەخوێنن.

زانایان و خوێندکاران کە لە پاشماوەی تواوکە دامرکاوەکان و بارستە گڕکانییەکانی پارکە زەویناسییەکە دەکۆڵنەوە، دەتوانن نموونەی بەردەکانیش کۆ بکەنەوە.
- نووچکەی گڕکانی سانداڵ دیڤلیت بووەتە جێی سەرنجی زانایان
نووچکەی گڕکانی سانداڵ دیڤلیت کە ئاماژە بەوە دەدرێت بۆ دواجار ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر چالاک بووە بووەتە جێی سەرنجی ئەکادیمییەکان و خوێندکاران.
ئەکادیمییەکان و خوێندکاران بۆ گەیشتن بە لووتکەی ئەم نووچکەیە ٧٥٠ مەتر بە پێ دەبڕن و لە بارستە گڕکانییەکانی ناوچەکە دەکۆڵنەوە کە بەهۆی پاراستنی تایبەتمەندی هەزاران ساڵە گرنگییەکی زۆر لەخۆ دەگرن.
ئەم پارکە زەویناسییە کە میوانداری کۆبوونەوە زانستییەکانیش دەکات لە رێککەوتی ٦-٨ی تشرینی یەکەم میوانداری ٧٢ زانای زەویناسی کرد بۆ سێمپۆزیۆمی شێوەناسی زەویی نێودەوڵەتی.
گەورەشارەوانیی مانیسا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ وەگەڕخستنی گۆڕەپانی پارکەکە بە شێوەیەک لەگەڵ ستاندەرە نێودەوڵەتییەکاندا بێنەوە.

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شارەوانییەکانی پارکە زەویناسییەکان، ئەندازیاری فیزیای زەوی، ییغیت کاراکوزو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بوونی ئەم پارکە زەویناسییە دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ ئەو زانایانەی دەیانەوێت لە شوێنەواری تواوکە دامرکاوەکان و بەردەکان بکۆڵنەوە کە هەزاران ساڵە پێکهاتەیان تێک نەچووە، گوتی: "ئەوانەی دێنە ئێرە دەتوانن لەوە تێ بگەن کە گڕکانەکان چۆن چۆنی روویان داوە، لێرە چی رووی داوە و ئەمانە بە چاوی خۆیان ببینن".
ئەلێکساندرا ستافیەت کە خوێندکارە و لە پۆڵەنداوە هاتووە، زەوییە گڕکانییەکەی بە 'سەرسووڕهێنەر' لەقەڵەم دا و گوتی: "یەکەمجارمە دێمە تورکیا، بەڵام زۆر عاشقی ئەم وڵاتەم. پێشبینیم نەدەکرد ئێرە هێندە جوان بێت".
ئیڤانا تۆسەڤسکا کە لە مەقدۆنیای باکوورەوە هاتووە، ئاماژەی بەوە دا کە وێڕای ئەوەی زەوییە گڕکانییە چالاک نییە، بەڵام ئێجگار جوانە بۆ چرکاندنی وێنە و گوتی: "خۆشحاڵم بەوەی هاتووەتە ناوچەکە و جوانییەکانی سروشتی ئێرەم بینین".
هەروەها مامۆستای فەلسەفە لە سەنتەری هونەر و زانستی سالیهلی، بوراک ئایدۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ قوتابییەکانیدا نووچکەی گڕکانییان بەسەر کردووەتەوە و یەکەم وێستگەی گەشتەکانیانیشیان لەو نووچکەیەوە دەست پێ کردووە.