Metin Aydemir
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2023
ئیزمیر - AA
لە رێگەی ئاسمان و زەمینییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە دەدرێت کە دارستانەکانی قەزای کنک سەربە پارێزگای ئیزمیر خۆرئاوای توركیای گرتووەتەوە.

هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی دارستانی ئیزمیر و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانییەکانی دەوروبەری پارێزگاکە بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بەردەوامە کە نیوەڕۆی دوێنێ بە هۆکارێکی نادیار لە دارستانی ناوچەی ئیبراهیم ئاغا کەوتەوە.

بەدرێژایی شەوی رابردوو لە رێگەی ٣٤ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، ١٣ تانکەری گواستنەوەی ئاو و شەش ئامێری کارکردن و حەوت تیمی مەیدانییەوە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدرێت.
هەروەها لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، حەوت فڕۆکە و ١٩ هێلیکۆپتەر دەستیان کرد بە پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

وەک گرتنەبەری رێوشوێن لە ناوچەکانی چیفتلیک و کاراتەکەلی و باڵەبان، ٦٠٠ کەس لە گوندنشینان لەگەڵ ئاژەڵەکانیاندا گواسترانەوە بۆ شوێنی ئارام.
