Ali Rıza Akkır,Orhan Fatih Doğan
31 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2021
موغڵا - AA
دوای ئەوەی تاریکی داھات، کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی شارۆچکەی مارماریس سەر بە موغڵا، لە وشکانییەوە بەردەوامە.
ئەو ئاگرەی کە دوێنێ لە دارستانەکانی ناوچەی شیرینهر لە گەڕەکی ئارموتئاڵان کەوتەوە، بەھۆی باوە تەشەنەی سەند و گەڕەکەکانی ئیچمەلەر، تورونچ، عوسمانییە، بایر، چیفتلیک، تورگوت، ھیسارئۆنو و ئۆرھانییەی گرتهوه.
ئاگرەکە لە ئاسمانەوە لە رێگەی نۆ ھێلیکۆپتەر، دوو فڕۆکە و لە وشکانییەوە لە رێگەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە، کرێکاری کوژاندنەوەی ئاگر، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە کە لە ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئایدن، دەنیزلی، مانیسا و ئەسکیشەھیر ھاتوون ھەوڵی کوژاندنەوەی دەدرێت.

ئەو خانوو و ڤێلایانەی کە لە دارستانەکانەوە نزیکن، چۆڵکراون و هاوكات ژمارهیهك ھاووڵاتیی له ههوڵی ئهوهدا بوون ئاژەڵەکانیان لە ناوچەی ئاگرەکە دووربخهنەوە.
لەگەڵ داھاتنی تاریکی، کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئاسمانەوە راگیرا و لە رێگەى وشکانیيەوە بەردەوامه.
- ھاووڵاتییان ئەو ئاژەڵانەی کە بە برینداری لە ئاگرەکە ھەڵاتوون دەگەیهننە پزیشکی ڤێتێرنەری
بە درێژایی رۆژ لە ئاسمان و وشکانییەوە ھەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ناوچەی ئاسپارانی مارماریس درا. دیمهنی کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ناوچە سووتاوەکان لە ئاسمانەوە لە رێگەی درۆنەوە دەگیرێت.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن لەلایەن ھاووڵاتییانیشەوە پاڵپشتی کران. چەند دانیشتوویەکی ناوچەکە ئاو و خۆراکیان بۆ تیمەکان دابین دەکرد و ھەندێکیشیان ئەو ئاژەڵانەی کە بە برینداری لە ئاگرهكه ھەڵاتبوون چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەکردن و دەیان گهیاندنە پزیشکی ڤێتێرنەری.

سەردار دومان، کە پاڵپشتیی تیمەکانی دەکرد دوو کیسەڵی لە ئاگرەکان رزگارکرد.
دومان، لە لدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە لە شارۆچکەکە دەژی و بۆ ھاوکاری ھاتووە بۆ ناوچەکە.
ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ناو ئاگرەکەدا دوو کیسەڵی بینی کە کەوتبوونە سەر پشت و گوتی: "ئەوانەم یەکسەر راستکردەوە، ئاوم رژاند بەسەریاندا، ساردم کردنەوە. ههركات گەڕامەوە شارۆچکەکە دەیانبەم بۆ پزیشکی ڤێتێرنەری".
