مەھمەت شیمشەک: "ئابووریی تورکیا لە قۆناغی داھاتوودا گرنگی بە گۆڕانکاری پێکھاتەیی دەدات"
- وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، مەھمەت شیمشەک ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا، توانیویەتی کورتھێنانی بوودجە بۆ سێ لە سەدا و قەرزی گشتی ٢٤ لە سەدا کەم بکاتەوە.
Ad Dawhah
دۆحە ــ AA
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، مەھمەت شیمشەک ڕایگەیاند کە ئابووریی وڵاتەکەی لە قۆناغی داھاتوودا، گرنگی بە گۆڕانکاری پێکھاتەیی دەدات، چونکە ئەوە دەبێتە بنەمایەک بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی ئەو دەستکەوتە ئابووریانەی کە لەم دواییانەدا بەدەستی ھێنایەوە.
مەھمەت شیمشەک لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵکدا کە لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دۆحە لەژێر ناوی "دووبارە بیرکردنەوە لە بازرگانی لە سەردەمی دابڕاندا"، ڕێکخرابوو، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگی ڕابردوودا، توانیویەتی کورتھێنانی بوودجە بۆ سێ لە سەدا و قەرزی گشتی ٢٤ لە سەدا کەم بکاتەوە.
ڕاشیگەیاند کە کورتھێنان لە ھەژماری ئێستادا، بە شێوەیەکی بەرچاو چارەسەر کراوە و لە کاتێکدا کۆی یەدەگ بۆ ١٢٠ ملیار دۆلار زیادی کردووە و پارەی پارێزراو لە دابەزینی نرخی ئاڵوگۆڕدا بۆ ١٤٠ ملیار دۆلار کەمی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئابووریی تورکیا لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، بە تێکڕا ٥،٥ لە سەدا گەشەی کردووە، بەڵام ئێستا لە نێوان سێ بۆ چوار لە سەدا جێگیر بووە.
گوتیشی: "ئابووریی وڵاتەکەی لە قۆناغی داھاتوودا، گرنگی بە گۆڕانکاری پێکھاتەیی دەدات، ئەوەش وەک سەرکۆمارمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندووە".
ھەروەھا وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا باسی لە گۆڕانکارییە خێراییانەی کرد کە لەسەر ئاستی جیھاندا لە سیاسەتی بازرگانییدا ڕوویانداوە و ڕایگەیاند کە ٨٠ بۆ ٨٥ لە سەدای بازرگانی دەرەکی تورکیا لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوە دەچێت، ھەروەھا ٢٦ لە سەدای ھەناردەی تورکیا بۆ ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێت کە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادیان لەگەڵ تورکیادا ھەیە.
جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا خواستی ھەیە ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاریی کەنداو واژوو بکات و گوتی: "یەکخستنی ناوچەیی دژبە پەرتەوازەیی بازرگانی جیھانییە".
ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا ھەوڵدەدات ھاوبەشە ھەرێمییەکانی ڕازی بکات، بۆ لە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە کەنداو بە ھێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای وەشکانی بە چین و لەندەن دەبەستێتەوە، وەبەرھێنان بکەن، ئەوەش بە سوود وەرگرتن لە ژێرخانی تورکیا.
