دیاربەکر
وەزیری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی تورکیا مەھدی ئێکەر و کاندیدی ئاکەپە بۆ شارەوانی گەورەی دیاربەکر غالیب ئینساریۆغڵوو لەلایەن ژمارەیەک لەھاوڵاتیان و لایەنگرانی ئاکەپە لە دیاربەکر پێشوازییان لێکرا، دواتر بەپاسی پارتەکەیان بەناو پارێزگاکەدا پیاسەیان کرد و بەرەو بارەگای ئاکەپە چوون بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناساندنی کاندیدی شارەوانیی ئاکەپە بەخەڵکی پارێزگاکە.
ئێکەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە پرۆژەی "برایەتی"ی سەرۆکوەزیران بۆ نەھێشتنی فرمێسکەکانی تورکیا کە بەدرێژایی ٨٠-٩٠ساڵی رابردوو دەڕژا کرد و گوتی: "ئەردۆغان بە پرۆژەی دیموکراسی ھۆکارەکانی فرمێسکڕشتن لەناو دەبا، بەکۆتایی ھاتنی پرۆسەی ئاشتی ھەموو کەس دروستبوونی تورکیایەکی تازە دەبینن."
ئەوانە دیارن كة بۆمب فرێدەدەنە ئاشتیەوە
ئێکەر لە درێژەدا گوتی: "بەھەموو ھەوڵێکمانەوە لەسەر سازکردنی کەشی برایەتی و ئاسودەیی و باوەڕ و یەکێتی بۆ ھاوڵاتیانی تورکیا بەردەوامین، ھەندێ لایەن نارەحەتن بەفراوانبونی قۆناغی ئاشتی و سەقامگیری کە نزیکەی ساڵێکە بەردەوامە، بۆیە دوێنی ھێرشیان کردۆتە سەرپارتەکەمان."
ئێکەر گوتیشی: لەئەنجامی ئەو ھێرشەی دوێنێ کرایە سەر بارەگاکەمان دوکانێکی تەنیشت بیناکە زەرەرمەند بوو. ئەو زیانەی بە بازارەکان دەگەیەنرێ لەدڵی دیاربەکر و تورکیاشدا دەمێنێتەوە، سەرکۆنەی ئەو لایەنانە دەکەین کە پشتیوانی لەو جۆرە رەوشتانە دەکەن، نەفرەت لە توندوتیژی دەکەین، ئەو رێگایە رێگا نییە، ئێستا ئەو کەسانە ئاشکران کە ھەوڵی دروستکردنی ئاژاوە دەدەن و بۆمب دەخەنە نێو پرۆسەی ئاشتیەوە، داوا لەئەندامان و گوتەبێژانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی دەکەین پشتیوانی لە کەسانی ئاژاوەگێرو بەردھاوێژ نەکەن و پێویستە سەرکۆنەی ئەو کەسانە بکەن. دیاربەکر شایەنی ئەوە نییە.
ئێکەر لە قسەکانیدا باسی لەمێژووی ثرِ سەروەری دیاربەکر کرد و گوتی: دیاربەکر خاوەنی مەدەنیەت و کەلتورو ئاین و چالاکی و زمانەوانیی ھەزارەھا ساڵە، بەدرێژایی مێژوو نەتەوەکان بەیەکەوە لێرە دەژین. بەڵام لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوو چەندین رووداوی ناخۆش روویان داوە، نابێ ئەوانە دووبارة ببنةوة.
ئێکەر گوتیشی: "ماوەی ١٥ ساڵە شارەوانی بەباشی کار ناکا، ئەم شارە شایەنی ئەوە نییە، پێویستمان بە بیری چالاک و باش ھەیە بۆ بەرزکردنەوەی پارێزگاکەمان. داوای پشتیوانی لە براکانم لە دیاربەکر دەکەم بۆ ئەوەی پەرە بە بنیاتنانی شارەکەمان بدەین و ئاشتی زیاتر سەقامگیر بکەین، وەک دەبینن شارەوانیەکانی ئاکەپە جیاوازە لەگەڵ شارەوانی پارتەکانی تر خزمەتەکانیان بۆ ھاوڵاتیان و شارو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بێ سنورە."
ئێنساریۆغڵوو: لەگەڵ بنیاتنانی دیاربەکری تازە داین
پەرلەمانتار و کاندیدی سەرۆک شارەوانی ئاکەپە لەدیاربەکر گالیب ئێنساریئۆغڵوو باسی لەگەورەترین کورسی دەسەڵات کرد ئەویش دەسەڵاتی خزمەتکردنی خەڵکی دیاربەکرە.
ئێنساریئۆغڵوو گوتی: "ئێمە لەگەڵ بنیاتنانی دیاربەکری تازەین، گوێ بۆ بوختان و قسەی کەس راناگرین، ھێرش ناکەینە سەر ناموس و شەرەفی ھیچ کەسێک، بەھەڵبژاردنی ئێمە کەشێکی سەقامگیرو ئارام بۆ ناوچەکەمان دەرەخسێنین، لەو کەسانە نابین بەرگەی رەنگە جیاواز و دینە جیاواز و زمانە جیاوازەکان ناگرن، گەورەترین زیان کە بەخەڵکی دیاربەکرمان گەیاندبێ ئەو زیانە بوو کەئەمڕۆ ترافیکی شارەکەمان قەرەباڵەخ کرد، بەوھۆیەوە داوای لێبوردن لە ھاوڵاتیان دەکەم."
"بەدرێژایی وادەی ھەڵبژاردن بەرنامە و پرۆگرامەکانمان بۆ کۆمەڵگا روون دەکەینەوە، بەڵام پەنا نابەینە بەر بۆمبی دەستکرد و بەردو ھەرشتێکی زیانبەخش، دەستەکانمان تەنھا بۆ ئاشتی و برایەتی رادەکێشین، ئەگەر ھەموو رۆژێک ئەوان جنێومان پێبدەن ئەوا ئێمە جگە لە وشەی ئاشتی و سەلامی خوا ھیچ شتێکیتر لە زمانمان نایەتە دەرەوە، سیاسەتی ئازاد بەردەمی کراوەتەوە، سیاسەتی دیموکراسی و پاک لە دیاربەکر دەوەشێتەوە، تاوەکو رۆژی ھەڵبژاردن سیاسەتێک بەرێوە دەبەین ببێتە نمونە بۆ لایەنەکان، گەلی دیاربەکر دەریدەخات کە کێ ئاشتی دەخوازێت."
دیاربەکر دیارە و شارەوانیەکانی ئاکەپەش دیارن
ئێنساریۆغڵوو بەم شێوەیە کۆتایی بەقسەکانی ھێنا "دەبێ خەڵکی دیاربەکر خۆیان یەکلایی بکەنەوە، یا دەبێت ئەو سیستمەی ئێستا کە ھەرگیز چارەسەری نەھێناوە ھەڵبژێرن، یا سیستەمێک کە خزمەت بە ئاشتی و بنیاتنانی پارێزگا بکا، ئیتر بەسە ١٥ ساڵە دیاربەکر لەژێر ئەو دەسەڵاتەی ئەواندایە، دیاربەکر دیارە و شارەوانیەکانی ئاکەپەش دیارن، دەبێت بزانن بۆ لەمەودوا تورکیا و دیاربەکرێکی تازە ھەیە، ئیتر ئەوانیش ناچار دەبن خزمەت بکەن، ھەموو پێکەوە قەدەری دیاربەکر دەگۆڕین، سەرکەوتن بۆ ئاشتی و سەقامگیری دەبێ."