پەرلەمانی توركیا
پەرلەمانی توركیا بە پاساوی نادەستووریبوونی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە، بریاری دا زاراوەی "كوردستانی توركیا" لە راپۆرتی بودجەی ٢٠١٤ کە لەلایەن بەدەپەوە ئامادە کرابوو لاببا.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەلی كۆماری، جەھەپە موحەرڕەم ئینجە گوتی "ئەگەر سەرۆكوەزیر بڵێ كوردستان، بەدەپە بەئاسایی دەڵێ كوردستانی توركیا."
ئینجە سەبارەت بە گوتنی "تورك نییە" لەلایەن پەرلەمانتارێكی ئاك پارتیەوە گوتی "گوتم ئێوە راست دەڵێن تورك، كوردی کەناری دەریان. ئەگەر ئێوە پرسی كورد بكەن بە پرسی كوردستان، چارەسەری بۆ نییە. ئێمە پرسی كورد بە دیموكراسی چارەسەر دەكەین، بەڵام ئەگەر ئێوە پرسی كورد بكەن بە پرسی جوگرافیا ناتوانین چارەسەری بكەین. كێشە لە مێشکی ئێوەدایە، کە دەچنە دیاربەكر دەبنە كوردستانی، دەبنە ھاوسەرۆكی بارزانی، كە دەچنە ئەدیرنە دەبنە باوكی شەھیدێكی تورك. جارجار دەبن بە لایەنگری قاعیدە، جارجاریش بەرەی نوسرە، ھەندێ جاریش دەبن بە لایەنگری یەكێتیی ئەوروپا، دوای دەبن بە ئەمریكاچی، دەبن بە زۆر شت، ئیمراڵیچی، قەزافیچی، ئەسەدچی، لە كۆتاییدا "فەسادچی" ھتد... بەڵام بەس نەبوون بە میللەتی تورك، نەبوون بە ئەتاتوركچی."
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی ئاك پارتی ماھیر ئونال گوتی "ئاشكرایە سەرۆكوەزیران ئەردۆغان وشەی كوردستان-ی بۆ ھەرێمی كوردستانی عێراق بەكار ھێناوە. بەڵام ئەو زارەوانەی بەدەپە لە دەقەكەدا بەكاری ھێناون وەكو "زیندانیكراوانی سیاسیی كورد، سەرۆكی گەلی كورد و لە چوار دەوروبەری كوردستانی توركیا یاخیبوونی خەڵك دەستی پێكراوە قبوڵ ناكەین."
ئوناڵ جەختی لەوە كرد كە ئاك پارتی لە ناوچە كوردنشینەكان 45-50% و لە ھەندێ جێش %60 دەنگ بەدەست دێنێ، بۆ ئەو كەسەی كە ناتوانێ ببێتە سەرۆكی دەنگدەرانی ئاك پارتی، ئێوە چۆن پێی دەڵێن سەرۆكی گەلی كورد و ئەوە بە رەوا دەبینن؟ ئەمە قبوڵ ناكەین."