سوێره
ئەو پارچە مۆسیقایانەی لە سێیەم رۆژی 18ەهەمین فێستیڤاڵی گناوا بۆ مۆسیقا لە شاری سوێرەی مەغریب پێشكەشكران بوونە جێگەی بایەخی ئامادەبوان، كە بریتی بوون لە مۆسیقای جاز و مۆسیقای گناوای كلاسیك.
لە دوایین رۆژی فێستیڤاڵەكەدا هونەرمەندی بەناوبانگی ساكسۆفۆنی ئەمریكی كێنی گارێت و گرووپەكەی، چەند بەرهەمێكیان پێشكەش كرد كە باسی لە رەگەزپەرستی و كۆیلایەتی دەكرد كە بەرامبەر رەشپیستەكان ئەنجامدراوە.
ئەو كەسەشی كە مۆسیقای گناوای بە جیهان ناساند، حەسەن بوسو خۆی و گرووپەكەی لەگەڵ ژەنینی چەند پارچە مۆسیقایەكی كلاسیكی چەند مەدیحێكیان خوێندەوە كە سۆفیەكان لە تەكیەدا بۆ نزیكبوونەوە لە خودا دەیخوێنن.
ئەو فێستیڤالە بە یەكێك لە گرنگترین فێستیڤالەكان دادەنرێت كە لە وەرزی هاویندا لە مەغریب ئەنجام دەدرێت.
گناوا مۆسیقایەكە بنەماكانی لە مۆسیقای ئەو خێلانەوە وەرگرتووە كە لە بیابانی گەورەی ئەفریقادا دەژین بەڵام گناوا شیعرەكانی عەرەبین، بە ئامێری كلاسیكی دەژەنرێت و دەچێتە خانەی مۆسیقای سۆفیگەریەوە.