کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ لە شارەدێی خسخێری سەر بەپارێزگای سێرت بە شوو دەدرێ و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەبێ بە دایک، قەدەر ئێرتەنی تەمەن ١٤ ساڵ لەماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە و ئەمڕۆ بە خاک سپێردرا.
دوای ناردنی تەرمی ئێرتەن بۆ مۆرگی پشکنینی یاسایی لەلایەن خێزانەکەیەوە وەرگیرایەوە و لە گۆرستانی گوزالبایغی سەر بەگوندی یاپراکتەپەی شارەدێی پەروەری دوای نوێژ لەسەرکردن، بەخاک سپێردرا.
خەزووری ئیرن لە گوتەیەکیدا سەبارەت بەمردنی بوکە تەمەن چواردە ساڵەکەی گوتی: بوکەکەم خۆی خۆی کوشتووە، کچە بچوکەکەمان چوەتە ژووری ئەو و بینیویەتی لە سەرزەوی کەوتووە، وایزانیوە بوراوەتەوە، بەڵام کاتێ ئێمە چووین بینیمان بە دەمانچە خۆی کوشتوە.
گوتیشی: "راستە تەمەنی بوکەکەمان بچوکە، بەڵام ئێمە دەزانین تەمەنی راستەقینەی لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە، بوک و کوڕەکەمان یەکتریان خۆشویستوە و ھاوسەرگیریان کردوە، سێ ساڵ پێش ئێستا زەماوەندیان کرد، کوڕەزاکەم تەمەنی ساڵ و نیوێکە، بوکەکەم ھیچ کێشەیەکی نەبوو."
یەکێ لە خزمەکانی ئەتاک بەناوی عەبدولحەمید ئێپێک لەبارەی رووداوەکە گوتی: دوێنێ سەعات ١٢ ی نیوەڕۆ رووداوەکە رووی داوە، تەمەنی کچەکە بچوکە، بەڵام لە راستیدا تەمەنی لەنێوان ١٧ بۆ ١٨ ساڵە، بە ویستی خۆی شووی کردووە، پێشتریش لەگەڵ ھاوسەرەکەی یەکتریان بینیوە. بەڵام ھیچ کەسێک دەنگی تەقەی لە شوێنەکە نەبیستووە.
قەدەر ئێرتەن پێشتر لە شارەدێی شاخی سەر بە پارێزگای وان ژیاوە، دوای شووکردنی بە محەمەد ئەتاک، لەسەر ویستی خۆی و خێزانەکەی دێتە شارەدێی خسخێری پارێزگای سێرت، لەتەمەنی ١٣ ساڵیدا دەبێ بەدایک و دوای لەبارچوونی منداڵی دووەم لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەكراكی سەر بە شارەدێی خسخێر بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە.