سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی سەردانی بۆ ژاپۆن، چووە کۆمپانیای میتسوبیشی ئەو کۆمپانیایەی کە ھەر دوو مانگی دەستکردی تورک سات 4A و تورک سات 4B دروستکردووە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا دوای دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیای میتسوبیشی کەنیچیرۆ یامانیشی، بەشداری لە رێوەڕەسمی رادەستکردنی مانگە دەستکردەکە کرد بە کاربەدەستانی تورکیا.
لە میانی ئەو رێوەڕەسمەدا ئەردۆغان گوتی: "پرۆژەی دروستکردنی مانگی دەستکردی تورک سات 4A و تورک سات 4B بەشێکە لە کاری ھاوبەشی تورکیا و ژاپۆن لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیای بۆشاییگەریی دا. ئەوە نیشانەی سەرکەوتنی ئەو ھەوڵە ھاوبەشانەیە لە مێژە کاری بۆ دەکەین."
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو دوو مانگە دەستکردە لە بواری گەیاندندا دەبنە ھۆی بەرزبوونەوەی قابیلیەت و توانای تورکیا. ئەمڕۆ بەشێک لە بەرھەمی ئەو رێککەوتنە دەبینین کە لەگەڵ کۆمپانیای میتسوبیشی ئیمزامان کردبوو. پرۆسەی دروستکردنی ئەو دوو مانگە دەستکردە ھەنگاو بە ھەنگاو لە لایەن ئەندازیارانی تورکیا ھەڵسەنگێنراون. لە سایەی ئەو مانگە دەستکردانەوە دەتوانین ھەواڵ و سیگناڵی خۆمان بگەینینە سەرانسەری ئەوروپا و بەشێکی زۆری ئاسیا. لە سایەی مانگی دەستکردی تورک سات 4A و تورک سات 4B دەتوانین لە بواری گەیاندنی بینراودا خۆمان بگەینینە سەرانسەری ئەفریقا."
وا بڕیارە مانگە دەستکردەکان لە ژاپۆنەوە روانەی وێستگەی ناردنی مانگی دەستکرد لە کەزاخستان دەکرێ، لەوێوە لەرێی رۆکێتی پرۆتۆنەوە رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ روانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێ. مانگی دەستکردی 4B، دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی تاقیکردنەوە، لە سەرەتای نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٤دا روانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێ.