Sarp Özer
22 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2023
قەیسەری - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر هەواڵێکی دیکەمان پێگەیشت. سێ تیرۆریست لەلایەن سەربازانی تورکیا لە زاپ لەچالاکی خران. بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە میانی چوار رۆژی رابردوودا لە چالاکی خراون گەیشتە ٢١ تیرۆریست".
ئاکار کە لە بازنەی قەیسەری بۆ پەرلامانتاریی ئاک پارتی کاندید کراوە، سەردانی قەزای ئینجەسو و یەشیلهیساری کرد.
خولوسی ئاکار لە ئینجەسو پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لە هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە بە خەمناکییەوە جەژنی ئەمساڵ بەڕێدەکەن، هاوکات بۆ ئەو کەسانە داوای رەحمەتی لە خودا کرد کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەست دا و هیوای زووچابوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.
ئاکار بە ئاماژەدان بەوەی کە هەوڵەکان بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی ناوچەکە بەردەوامە، رایگەیاند کە سەربازانی تورک هەروەک لە یەکەم ساتەوەختی کارەساتەکەوە هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ، هاوکات بە ئیرادەوە بەردەوام بوون لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
خولوسی ئاکار ئەوەشی خستەروو کە پێکەوە کار بۆ تورکیایەکی گەورە و بەهێز دەکەن و رایگەیاند کە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی گەل بۆ ئەو ئاستەی کە شایەنیيەتی، بەردەوامن لە بڕینی ئەو ئاستەنگانەی کە لەبەردەم تورکیا دانراون.
ئاکار گوتیشی: "لە باکووری عێراق و سووریا، سوپای تورکیا تیرۆریستانی لەناو ئەو چاڵانە لەگۆڕنا کە هەڵیانکەندبوو. کەمێک لەمەوبەر هەواڵێکی دیکەمان پێگەیشت. سێ تیرۆریست لەلایەن سەربازانی تورکیا لە زاپ لەچالاکی خران. بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە میانی چوار رۆژی رابردوودا لە چالاکی خراون گەیشتە ٢١ تیرۆریست. هیوادارم ئەم خەباتە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی ئاسایشی سنوورەکانمان و گەلەکەمان مسۆگەر دەکەین. ئیرادە و توانای ئەوەمان هەیە".
وەزیری بەرگریی تورکیا، ئاکار ئاماژەی بەوە دا کە بە سەرکردایەتیی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پیشەسازی بەرگریی ناوخۆیی و نیشتمانیدا گەیشتوونەتە خاڵە گرنگەکان، گوتی: "هەوڵ دەدەین لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانیيدا کەرەستە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی سوپای تورکیا دابین بکەین. هەموو هەوڵێکمان داوە ئاسایشی وڵاتەکەمان، نەتەوەکەمان و سنوورەکانمان مسۆگەر بکەین".
ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ئامانجی سوپای تورکیا تیرۆریستانن، گوتیشی: "رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە کە بووەتە ئامرازێک بۆ ئیمپریالیستەکان بۆ وەستاندنی تورکیا، بڕیارمانداوە لەناوی ببەین".
- "تیرۆريستان سواری پاسێک بوون هەدەپەش لەگەڵیان سوار بووە"
ئاکار سەبارەت بە هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و خولی ٢٨ی پەرلەمان کە لە ١٤ی ئایار بەڕێوە دەچێت، گوتی: "هەندێک لایەن بەڵێن بە تیرۆریستان دەدەن، دەڵێن 'سەرکردەی تیرۆریستان دەدۆزینەوە'، و 'کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکان دەهێنین. سوپاس بۆ خوا سەربازانی تورک تیرۆریستان لەناو دەبەن.
هەڵبژاردنی داهاتوو گوارزشتە لە عەقڵیەت. ئەوان دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانەی ئێمە لەناو ببەن کە بەدرێژایی چەندین ساڵە بە خوێنی شەهیدان بەدەستمان هێناوە. ئێمە پێمان وایە دووربینی ئەم میللەتە رێگە بەم کارە نادات. تیرۆریستان سواری پاسێک بوون هەدەپەش لەگەڵیان سوار بووە. هاوپەیمانی گەلیش لە تەنیشتییان دانیشتووە و هەموویان بەیەکەوە دەڕۆن. ئێمە رێگە بەم پاسە نادەین".
ئاکار یەک بە یەک جەژنانەی لەگەڵ هاووڵاتییان کرد و پێی گوتن: "من ئیتر خەڵکی قەزاکەتانم".
- خەڵکێکی زۆر پێشوازیان لە ئاکار کرد
پاشان وەزیری بەرگری، ئاکار چووە قەزای یەشیلهیسار. ئاکار لە دەروازەی قەزاکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازیی لێکرا و لە گۆڕەپانی جمهوریەت بۆ هاووڵاتییان دوا.