Sertaç Bulur
16 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
لەو ئۆپەراسیۆنانەی لە سەرانسەری تورکیادا لە نێوان رۆژانی نۆ بۆ ١٦ی تەمووز ئەنجامدراون، ٥٣ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا لە میانی هەفتەی رابردوودا، هەزار و ٩٥٠ ئۆپەراسیۆنی وشکانی و ئاسمانیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ٢٠٩ گومانلێکراو بە تۆمەتی هاوکارییکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، ٥٨ گومانلێکراو بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ٤٦٧ گومانلێکراو لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی/پێکهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب دەستبەسەرکراون.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنە بەرنامە بۆ دارێژراوەکاندا، چوار هەزار و ٢٩٢ کەس دەستگیرکراون کە ٧٣٤یان بە هۆی تاوانەکانی پەیوەست بە تیرۆر، ١٠٥یان بە هۆی کۆچی نایاسایی و سێ هەزار و ٤٥٣یان بە هۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتییەوە بووە.
لە لایەکی دیکەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، ٥٣ تیرۆریست لە چالاکی خراون کە ٣٧ یان کوژراون، هەشتیان دەستگیرکراون و هەشتی دیکەیان خۆیان رادەستکردووەتەوە.
لەنێو ئەو تیرۆریستانەدا، مەهمەت یاکشر کە نازناوی "زەینەڵ"ی هەیە و لە لیستی سووری تیرۆریستە داواکراوەکاندا بوو، هەروەها یونس داڵگن کە نازناوی "نەرڤان"ە و لە لیستی خۆڵەمێشیدایە، بوونیان هەیە.