Zana Natık Kerem
03 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2024
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات ڕایگەیاند کە سیستەمی گومرگیی وڵاتەکەی بە ڕووی بازرگانییدا لەگەڵ ئیسرائیل داخراوە و دووپاتیشی کردەوە کە ئەنقەرە بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلی فەڵەستین و پاڵپشتیکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی فەڵەستین لەسەر ئاستی ئابووریی.
عومەر پۆڵات لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە بەردەوامی پەیوەندی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دەکەن.
وەزیری بازرگانی تورکیا ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی تورکیا لە ٢ی ئایاری ڕابردوودا، سەرجەم پڕۆسەکانی ھەناردکردن و ھاوردەکردنی لەگەڵ ئیسرائیل ھەڵپەساردووە تا ئەو کاتەی ئاگربەستی ھەمیشەیی لە کەرتی غەززە ڕادەگەیەندرێت و ڕێگاش بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت.
باسی لەوەش کردووە کە لە دوای ٢ی ئایاری ڕابردووەوە تا ئێستا، ھیچ بەیاننامەیەکی گومرگی لەبارەی ھەناردەکردن و ھاوردەکردن لە تورکیاوە بۆ ئیسرائیل یان لە ئیسرائیلەوە بۆ تورکیا تۆمار نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ وەزارەتی ئابووریی فەڵەستینیدا واژوو کراوە، ھەناردەکردن تەنھا لە حاڵەتێکدا ڕێگاپێدراوە کە کاڵاکان ببرێت بۆ ناوچەیەکی فەڵەستین و ھاوردەکارەکەشی فەڵەستینی بێت، ھەروەھا دەبێت بە فەرمی ئەوە لەلایەن وەزارەتی ئابووریی فەڵەستینەوە پشتڕاست بکریتەوە کە ئەم کاڵایانە تەنھا لە فەڵەستین بەکاردەھێنرێن".
ــ میکانیزمی دووقۆڵیی نێوان تورکیا و فەڵەستین
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات ڕایگەیاندووە کە فەڵەستین بەڕێژەی ٢٥ لەسەدا، پێداویستییەکانی لە تورکیاوە ھاوردە دەکات.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ ەوە لە سیستەمی ئامارییدا کۆدێک بۆ فەڵەستین تەرخانکراوە، بۆ ئەوەی لەکاتی کڕیندا، فەڵەستینییەکان بە کۆدی تایبەت بە خۆیان تۆمار بکرێن لە بری ئەوەی لە ئیسرائیل تۆمار بکرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە کە میکانیزمی بازرگانیی دووقۆڵیی نێوان تورکیا و فەڵەستین پەرەی پێدراوە بۆ ئەوەی ھاوردەکارانی فەڵەستین بتوانن لە ڕێگای وەزارەتی ئابووریی فەڵەستینییەوە، بە ئەلیکترۆنیی کەلوپەلەکانیان لە تورکیاوە ھاوردە بکەن.
ھەروەھا وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر پۆڵات دووپاتی کردووەتەوە کە ئەنقەرە بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلی فەڵەستین و پاڵپشتیکردن لە دۆزی دادپەروەرانەی فەڵەستین لەسەر ئاستی ئابووریی.