Abdullah Shukur
27 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتی: "ئەو تیرۆریستانە با ببینن چ ھەڵەیەکیان کردووە، ناتوانن ئەو گەنجییە ژەھراوی بکەن، ناتوانن داھاتووی ئەو گەنجییە رەش بکەن. چونکە باس لە گەنجیەک دەکەین کە جیھانی کردووەتە مشتییەوە. ئەمڕۆ دەتوانن بێ توانایی ئەوانە بقۆزنەوە و بەکاریبھێنن، بەڵام سبەینێ ئەوانە وەک نیشتمانپەروەرترین رۆڵەی ئەم وڵاتە رووبەڕووتان دەبنەوە. بە ئاڵا، نیشتمان، گەل و دەوڵەتەوە ھەموو بەیەکەوە رووبەڕووتان دەبنەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە چوارچێوەی ناساندنی پڕۆژەی پرۆگرامی پەرەپێدانی چالاکی گەنجان لە ساڵی ٢٠١٧ کە لە کۆشکی چانقایا بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کرد.
بینالی یڵدرم رایگەیاند کە لە چوارچێوەی گۆڕانکاری دەستوور تەمەنی پاڵێوراو دادەبەزێت بۆ ١٨ ساڵ. لەمبارەیەوە گوتیشی : "تا ئەمڕۆ گوتوویانە 'گەنجان با ھەڵبژێرن بەڵام ھەڵنەبژێردرێن'. گەنجانمان تا ئەمڕۆ چوونەتە سەر سندوقەکان و دەنگیانداوە، بەڵام نەیانتوانیوە ببنە کاندید بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەیان. واتا بە گۆڕینی دەستوور تەمەنی پاڵێوراو دادەبەزێت بۆ ١٨ ساڵی. من تێناگەم بۆچی جەھەپە دژی دەوەستێتەوە؟ گەنجان زیانیان بۆ جەھەپە ھەیە؟ مێشکی جەھەپە پیر بووە. جەھەپە لەگەڵ ئەوەیە وەک دوێنێ بمێنینەوە. دوێنێ ھی دوینێ بوو، ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە، پێویستە شتی نوێ بڵێیت".
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دەستوور و دژایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە)، یڵدرم گوتی: "ھۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە جەھەپەیە. لە ساڵی ٢٠٠٧ لە دژی ویستی گەل وەستایەوە. سەرکۆماری خۆیان ھەڵنەبژارد. گەل گوتی 'تۆ ھەڵی نابژێریت من ھەڵدەبژێرم'. سەرکۆماری خۆی ھەڵبژارد. ئەوەی ئێستا ئەنجامی دەدەین تەواوکردنی ئەم کارەی ئەو کاتە. جگە لەمە شتێکی دیکە نییە. کرۆکی دەستووریش ئەمەیە. کە گەل سەرۆک، سەرکۆماری ھەڵبژارد، دەسەڵاتەکان و بەرپرسارێتیش گەل پێی دەدات. لەنێوان دوو سندوقدا ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی پێ دەسپێرێت. بابەتەکە ئەمەیە. با کەس زیادەڕۆیی نەکات. نە کێشەی رژێم ھەیە، نە نیگەرانی دابەشبوونی تورکیا. بەپێچەوانەوە لە سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتیدا، وڵات باوەش بۆ ھەموو مەزھەب و کەسە جیاوازەکان دەکاتەوە و ئیرادەی میللی باڵ دەکێشێت بەسەرماندا".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەی وتارەکەیدا رەخنەی لە جەھەپە گرت و گوتی: "گۆڕانکاریی دەستوورییان زۆر گەورە کردووە. دەڵێن رژێم دەگۆڕێت و قیامەت ھەڵدەسێت و وڵات لەدەست دەردەچێت. کێ وا دەڵێت؟ ھەدەپە پێ ھەڵدەگرێت، جەھەپە پێ لەشوێنی دادەنێت. یەکێک پێ ھەڵدەگرێت، یەکێکی دیکە پێ لە ھەمان شوێن دادەنێت. لەپەرلەمانیش ئەوەیان کرد. رەنگە لە شەقامیش بەشداریی کۆرسی "نەخێرچی"یەکانیش بکەن. ئەی جەھەپە، ئەی پارتەکەی ئەتاتورک و ئینۆنو، کەوتوویتە چ دۆخێکەوە؟ ئایا لە پارتەکەی ئەتاتورک دەوەشێتەوە قۆڵ بکاتە قۆڵی دابەشکارانی وڵات؟ گەل ھەموو شتێک دەبینێت".