Abdullah Shukur
10 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لەبارەی پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری دەستووریی گوتی: "ئەوەی کە لە ھەمووی گرنگتر بێت ئەمەیە کە لەگەڵ ئەم پڕۆژە یاسایە سەردەمی حکوومەتی ھاوپەیمانی کۆتایھاتووە. بەمەش قۆناغی سەقامگیری دەستیپێکردووە. ھیوادارام ئەم گۆڕانکارییە ببێتە مایەی خێر بۆ گەل و وڵات".
یڵدرم پێش بەشداری لە رێوڕەسمی خەڵاتی نەجیب فازل کسەکورێک لە ناوەندی کۆنگرەی خەلیج وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی لەبارەی پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری دەستووریی دایەوە.
یڵدرم راشیگەیاند کە فراکسیۆنی ئاکپارتی بە واژۆی ٣١٦ پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری دەستووریی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە.
بینالی یڵدرم لەبارەی پڕۆژە یاسای گۆڕانکاری دەستووریی گوتی: "لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆەژ یاساکە رۆژی یەکشەممە ھەڵسەنگاندنێکی فراوان دەکەم. بەڵام دەتوانم ئێستا تەنھا ئەوە بڵێم، لە نێو پڕۆژە یاساکەدا خاڵی سەرەکی و کاتی ھەیە. کۆی گشتی ٢١ خاڵ لەخۆ دەگرێت. ئەمەش لە ١٨ خاڵی سەرەکی پێکدێت".
یڵدرم جەختیشی لەوە کردەوە کە ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادە بکرێت. لەمبارەیەوە گوتیشی: "لە دوای ھەوڵ و کارکردنێکی زۆر ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادە کراوە. ئایا دوای ئەمە چی روودەدات. ئیتر دوای ئەمە کاری پەرلەمانە. پێشتر لە کۆمسیۆنی دەستووریی تاوتوێی لەسەر دەکرێت و دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت. ئەگەر ھەر خاڵێک ٣٣٠ یان لەوە زیاتر دەنگی بەدەستھێنا ئەوا گشت پڕۆژە یاساکە دەخرێتە بەر دەنگدان. لە دوای ئەمەش بەروارێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیار دەکرێت. واتە بڕیاری کۆتای لە لایەن گەلەوە دەدرێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە درێژەی وتەکانیدا لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە گوتی: "پێنج خاڵ لە کۆی ئەو حەوت خاڵەی کە لەوەو پێشتر لە نێوان ئاکپارتی و مەھەپە و جەھەپە رێککەوتنی لەسەر کرابوو، خراوەتە نێو پڕۆژە یاساکە. بەم پێیەش ئەم خاڵانەی کە جەھەپەش لەسەری رێککەوتووە، لە نێو پڕۆژەکە دایە. لە نێو ئەمانەش ھەڵگرتنی دادگای سەربازیی و سەربەخۆی دادوەریی ھەیە. ھاوکات تەمەنی ھەڵبژاردن دابەزێنراوە بۆ ١٨ ساڵ. ژمارەی پەرلەمانتاران زیادکراوە بۆ ٦٠٠ کەس. بەمەش ھێزی پەرلەمان زیادیکردووە. لە ھەمان کاتیش سەرکۆمار دەسەڵاتی بەرێوەبەردن لە ئەستۆ دەگرێت. بەمەش کاریگەری دەسەڵاتی بەرێوەبردن لەسەر پەرلەمان و ھی پەرلەمانیش لەسەر دەسەڵاتی بەرێوەبردن دەگەیەنرێتە کەمترین ئاست".