Ayşe Yıldız,Süleyman Elçin,Durmuş Genç
09 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2021
موغڵا - AA
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، بەکر پاکدەمیرلی، رایگەیاند لە ئێستادا ھیچ ئاگرێک نییە کە ھەڕەشە بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێکان دروستبکات و گوتی: "لە ماوەی ھەفتەیەکدا تەواوی قەرزەکانی پەیوەست بە دڵنیایی TARSİM دەدەین. ئەمرۆ نۆ ملیۆن لیرەی دیکەمان بۆ ئانتاڵیا نارد".
پاکدەمیرلی، لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری ژینگە و شارسازی، موراد کوروم و وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو، لە خانەی مامۆستایانی مارماریس بەشدارییان لە کۆبوونەوەی رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئاگرەکان کرد.
بەکر پاکدەمیرلی، لە لێدوانێکیدا پێش کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بە شێوەیەکی گشتی دۆخی سەرجەم ئاگرەکانی موغڵا بەرەو باشی دەڕوات و گوتی: "لە موغڵا، تاکو ئێستا نزیکەی دە ھەزار و ٤٠٠ ھەڵسانی فرۆکە ئەنجامدراوە، ١٨٠ تەن ئاو فڕۆدراوە".
پاکدەمیرلی گوتیشی: "لە موغڵا، ١٦ ئاگری دارستان کەوتەوە. شەش فرۆکە، ٣٩ ھێلیکۆپتەر، ٦٣٠ ئۆتۆمبێلی ئاوپرژێن، ١٢٨ شۆفڵ و بلدۆزەر و سێ ھەزار و ٦٠٠ کارمەند ئەرک بەجێ دەگەێنن".
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا بەکر پاکدەمیرلی، جەختی لەوە کردەوە کە لە ئێستادا ھیچ ئاگرێک نییە کە ھەڕەشە بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێکان دروستبکات و گوتی: "رۆژانە کاری رێکخستنی ٨٩ فڕۆکەمان لەسەرە. ئۆپەراسیۆنێکی قورسە".
پاکدەمیرلی، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی زیانەکانەوە گوتی: "زیانی حەوت ھەزار ٢٢٠ جوتیار لە شەش پارێزگا، ٢٢ شارۆچکە و ١٧٢ گوند دەستنیشانکراوە"
بەکر پاکدەمیرلی، گوتیشی:"شوێنە سوتاوەکان بۆ مەبەستی دیکە بەکارناھێندرێت، دووبارە دار لەم شوێنانە دەچێندرێتەوە".
سەبارەت بە داواکاریی فڕۆکە لەلایەن یۆنانەوە، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا بەکر پاکدەمیرلی، گوتی: "یۆنان، داوای فڕۆکەی کردووە. ھەڵسەنگاندن بۆ ئەمە دەکەین".
پاکدەمیرلی گوتیشی: "لەگەڵ سووکبوونی ئاگرەکانمان ئەگەر توانیمان دابینی بکەین، ئەمە بۆ یۆنان دابین دەکەین".