ئەنقەرە
پەروین بوڵدان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە هەر یەك لە ئیدریس بالوكەن و سرری سورەئا ئۆندەریش تێدا ئامادە بوون گوتی: "هەفتەی رابردوو ئێمە بارودۆخی قۆناغی چارەسەریی و چاوەڕوانییەكانی خۆمان ئاراستەی رای گشتی كرد و بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی سەردانی وەزارەتی دادمان كرد و بۆ ماوەی یەك هەفتە لە نزیكەوە لێدوانەكانی حكوومەتمان هەڵسەنگاند و بۆ مۆڵەتدان بۆ سەردانی ئیمراڵی، چاوەڕوانیمان كرد بەڵام دوێنێ گوتەبێژی حكوومەت دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران قسەی زۆر مەترسیداری كرد بۆیە بە پێویستمان زانی كە لەوبارەوە جارێكی دیكە رای گشتیی ئاگەدار بكەینەوە".
بوڵدان گوتی: "سەردانی شاندی هەدەپە بۆ وەزارەتی داد لەبەر وەرگرتنی مۆڵەتی رۆیشتن بۆ ئیمراڵی، واتای پێداگریی هەدەپە لە سەر قۆناغی چارەسەرییە، سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و گرفتە بەڵام رێگریی كردن لە رۆیشتنی شاندی هەدەپە بۆ ئیمراڵی نیشانەی كۆتایی هێنان بە پڕۆسەی دانوستانە كە لەگەڵ ئۆجەلاندا دەستی پێ كردووە و ئەمەیش دەرەنجامی زۆر خراپی دەبێت بۆیە ئێمە وەكو شاندی هەدەپە بۆ ئەوەی نەبینە زەمینە بۆ دەركەوتنی ئەو ئەنجامە خراپانە زۆر راشكاوانە بە سەردانی فەرمیمان بۆ وەزارەتی داد ئاماژەمان بەوە كرد كە ئامادەین رۆڵی خۆمان چالاكانە بگێڕین بەڵام ئەو پێداگریەی ئێمە كە لە رووی نیازپاكییەوە خراوەتەڕوو لەلایەن حكوومەتەوە بەباشی هەڵنەسەنگێنراوە".
حكوومەتی توركیا لە بەرامبەر هەوڵەكانی شاندی هەدەپە لەمەڕ بەردەوامی قۆناغی چارەسەریی، وەڵامێكی هەڕەشەئامێزی بە پارت و شاندی پارتەكەمانی داوەتەوە و ئەو زمانەی حكوومەت قسەی پێ كردووە زمانی هەڕەشە و بێ چارەسەرییە و ئەم هەڵوێستەی حكوومەت بووەتە هۆكاری بەفیڕۆدانی كات بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە بەپەلە ئەنجام بدرێت كردنەوەی دەرگا داخراوەكانە بەڕووی دیالۆگ و دانوستانەكاندا و پێویستە بەبێ بەفیڕۆدانی كات، میكانیزمی گونجاو بۆ دانوستانەكان دابمەزرێ و هەنگاوی كرداریی بێتەئاراوە و پێویستە حكوومەت واز لە لێدوانە هەڕەشەئامێزەكانی بەرامبەر بە پارتەكەمان بهێنێت. دەوڵەت و بەرپرسانی حكوومەت لە هەركەس زیاتر دەزانن كە پارت و شاندی پارتەكەمان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا زۆر بەباشی و شەفافی رۆڵی مێژوویی خۆی جێبەجێ كردووە و لەمە بەدواوەیش پارتەكەمان بەردەوام دەبێ لەسەر جێبەجێ كردنی ئەركی سەرشانی.
ناتوانین لە دانوستانێكی هەڵەوە بگەینە ئەنجام و چارەسەرییەكی راست، دانوستان و هەڵوێستی هەڵە ئەوەیە كە پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی رای گشتی بخرێتە ئەستۆی پارتە سیاسییەكان و لە شەڕو پێكدادانەكانی ئەم دواییەدا هەدەپە بە بەرپرسیار لە قەڵەم بدرێت، ئەگەر لە وڵاتێكدا كە مافە دیموكراتیكەكان لە ژێر هەڕەشەی قەدەغە كردن و بەرتەسك كردنەوە دان یان ئەگەر داواكارییەكانی ماف لە ناكاوەوە كرمینالیزە دەكرێن ئەوا لە مەیداندا نە رای گشتی دەمێنێ نە ئاسایش و ئارامی رای گشتیی. تاقە رێگای بەرقەرار كردنی ئاسایش و ئارامی رای گشتی لە سەپاندنی ئاشتی و ئارامی لە سەرانسەری وڵاتدا تێپەڕ دەبێ و لەو چوارچێوەیەیشدا ئەرك و بەرپرسیاریەتی زۆر گرنگ دەكەوێتە سەر شانی ئیرادەی سیاسی و پارت و لایەنەکانی سیاسی.
لە كاتێكدا كە بارودۆخەكە لە بارودۆخی شەڕ نزیك بووەتەوە ئەوەی كە پێویستە بەپەلە ئەنجام بدرێت راگرتن و وەلاوەنانی دیدار و دانوستانەكان نییە، بەپێچەوانەوە بەرفراوانتر كردنی بازنەی دیدار و دانوستانەكان و بەشداری پێكردنی هەموو رێكخراو و دامەزراوە دیموكراتیكەكان لەو پڕۆسەیە دایە. بەرپرسانی حكوومەت پێویستە واز لەو سیاسەتە بهێنن كە هەموو پرسەكە لە چوارچێوەی دیدارەكانی ئیمراڵیدا بەرتەسك بكەنەوە و ئەوەی گرنگە پێویستە لەگەڵ دەستپێ كردنەوەی دانوستانەكاندا ئەو دەرفەتە بە بەڕێز ئوجەلان بدرێت تا بتوانێت بە ئاسانی و ئاسوودەیی رۆڵی مێژوویی خۆی بەجێ بگەینێت. پڕۆسەی دانوستان و دیدارەكان كە ماوەیەك بوو راگیرابوو، بەهۆی دیدارێكی دوێنێی شاندی پارتەكەمان لەگەڵ لێژنەی دانوستانی حكوومەتدا زەمینە بۆ ئەوە خۆش كراوە كە قۆناغەكە لەو شوێنەدا كە راگیرابوو بەردەوام بكا و بۆ ئەو مەبەستەیش هەردوولا ئیرادەی خۆیان نیشان داوە.
پێویستە لایەنەكان لە جیاتی زمانی شەڕ و توندوتیژی هەوڵ بۆ پەرە پێدانی زمانێك بدەن كە لەگەڵ رۆحی قۆناغی چارەسەرییدا سازگار بێ و ناكرێت شتی لاوەكی بخرێتە دانوستانەكانی ئیمراڵی و پێویستە حكوومەت لەگەڵ دەركەوتنی هەرجۆرە كێشە و گرفتێكدا چیدیكە باسی رۆیشتن یان نەڕۆیشتنی شاندی هەدەپە بۆ ئیمڕاڵی نەكات و پێویستە هەمووان بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە مێژوو جێبەجێ بكات و لەو چوارچێوەیەدا هەدەپە بەوپەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیریی لە ئیرادەی قۆناغی چارەسەری دەكات.