Ramal Mahmood
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم:
-"وەکو وڵاتانی بەکارهێنەری دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش، پێویستە دۆستەکانمان زیاد بکەین و پەیوەندی دۆستانەمان پەرە پێ بدەین بە رووسیا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەشەوە".
-"هەڵوێستی ئێمە لەمبارەیەوە زۆر روون و ئاشکرایە. ئێمە وەک تورکیا زۆر گرنگی دەدەین، بە مانەوەی خاکی سووریا بە یەکپارچەیی. جگە لە ئێمە ئێران و وڵاتانی دیکەیش، گرنگی بە یەکپارچەیی سووریا دەدەن. ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆکەی جیا جیا لەوێ، ئەم رەوشە ناخۆشەی سووریا بۆ دەیان ساڵی دیکە درێژە پێدەدات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەکاتی پشوو وەرگرتنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا لە کۆشکی چانکایا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند "لە رۆژانی داهاتوودا لەبارەی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات پرۆژە و بەرنامە و ئامار و زانیاری زۆر ورد و تێروتەسەل لەگەڵ وەزیرەکان دەخەینەڕوو".
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە تێڕوانینیان چییە، لەبەرامبەر ئەوەی پەیەدە و یەپەگە لە سەر سنوور هەوڵی درووستکردنی رێڕەێکی کوردی دەدەن، ئایا لەکۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکان ئەمەتان باس کردووە، یڵدرم گوتی: "بەڵی ئەم مژارە هاتۆتە بەرباس، دواین زانیارییەکانم لەگەڵ سەرۆکی حزبەکان باس کرد. هەڵوێستی ئێمە لەمبارەیەوە زۆر روون و ئاشکرایە. ئێمە وەک تورکیا زۆر گرنگی دەدەین، بە مانەوەی خاکی سووریا بە یەکپارچەیی. جگە لە ئێمە ئێران و وڵاتانی دیکەیش، گرنگی بە یەکپارچەیی سووریا دەدەن. ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆکەی جیا جیا لەوێ، ئەم رەوشە ناخۆشەی سووریا بۆ دەیان ساڵی دیکە درێژە پێدەدات. ئەوەیش خۆی دەبێتە کاولکاری و ماڵوێرانی زیاتر و ناهێڵێت ئەم وڵاتە جارێکی دیکە هەستیتەوە سەر پێی خۆی. بەهۆی ئەو شەڕوشۆڕەی سووریا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سووریا ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جی بهێڵن و رووبکەنە دەرەوەی وڵات. نزیکەی سێ ملیۆن سووری میوانی ئێمەن. نزیکی ئەو ژمارەیەش روویانکردۆتە لوبنان، سووریا و وڵاتانی دیکە. پێویستە ئەو خەڵکە بڕیار لە ئاییندەی وڵاتی خۆیان بدەن و لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بە لەخۆگرتنی تەواوی جیاوازییە نەژادییەکان. ئەوانەی پشکیان بەردەکەوێت ناچارن لەو چوارچێوەیەدا بەدوای چارەسەریدا بگەڕێن".
یڵدرم لێدوانەکەی سەرکۆماری میسریشی هێنرایەوە بەرباس کە گوتبووی ئێمە لەدۆخی دژیاتیکردن نیین لەگەڵ تورکیا، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا کە پرسی ئایا چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میسر ئاسایی ببنەوە، سەرۆکوەزیران گوتی: "وەکو وڵاتانی بەکارهێنەری دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش، پێویستە دۆستەکانمان زیاد بکەین و پەیوەندی دۆستانەمان پەرە پێ بدەین بە رووسیا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەشەوە".
هەمان رۆژنامەنووس ئەم لێدوانەی هێنایەوە بەرباس کە گوایە لەلایەن رووسیاوە لەگەڵ تورکیا و ئێران هاوپەیمانێتییەکی سێ قۆڵی پێکدەهێنرێت لەبارەی رەوشی سووریاوە، لەمبارەیەوە سەرۆکوەزیران گوتی: "لەبارەی سووریاوە خۆی رووسیا لەناو کارەکە دایە. بۆیە ئاساییە لە دۆزینەوەی لەچارەسەریدا، رووسیا، تورکیا و ئێران پێکەوە کار بکەن، ئەوەیش پێویستی بە هەڵسەنگاندنە".